بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دوانیوەڕۆی یەک شەممە 31 ی ئازاری 2024 لە وتووێژێکی تەلەفوونی لە گەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، وێڕای پیرۆزبایی مانگی ڕەمەزان و هیوای ئاشتی، سەقامگیری، ئاسایش و ئاسوودەیی بۆ گەلانی موسڵمان، جەختی لە سەر هەڵگرتنی هەنگاوی کرداری لە پێناو پتەوکردنی زیاتری هاوکارییەکان و پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری و ڕۆشنبیریدا کردەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەیی تارانی بۆ پتەوکردنی هاوکارییەکان لە گەڵ تورکیا دەربڕی و هیوای خواست کە هاوکارییەکان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی گەلانی هەر دوو وڵات و زیاترکردنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەلانی موسڵمان بێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە درێژەی ئەو وتووێژەدا سەبارەت بە دۆخی غەززە و بەردەوامی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی سەرەڕای دەرکردنی بڕیاری بەپەلەی ئاگربەست لە لایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە، وتی: ڕژێمی زایۆنیستی نەک تەنیا ئەم بڕیارە، بەڵکوو سەرجەم یاسا و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان و بەها مرۆییەکانی پێشێل کردووە و ئەمەش هاوکاری وڵاتانی ئیسلامیی بۆ پشتیوانیکردنی خەڵکی غەززە کردووەتە پێویستییەکی سەرەکی.
ناوبراو وتی: لە هەلومەرجێکدا کە ئەمریکا درێژە بە هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی دەدات، یەکێک لە باشترین ڕێگرییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە ئێش و ئازاری خەڵکی غەززە، پچڕانی تەواوی پەیوەندییەکانە لە گەڵ ئەو ڕژێمە تاوانبارە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا، وێڕای پیرۆزبایی مانگی ڕەمەزان لە گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها پیرۆزبایی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری لە ئێران، جەختی لە سەر جێبەجێکردنی تەواوی ڕێکەوتنەکانی نێوان ئەنکەرە و تاران کردەوە./.