بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بزوتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە شاندێکی ئەم بزوتنەوەیە بە سەرپەرشتی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی و شاندێکی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین بە سەرۆکایەتی زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی ئەم بزوتنەوەیە لە تاران کۆبوونەتەوە.
لە بەیاننامەکەی حەماسدا هاتووە: سەرکردەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی لەو کۆبوونەوەدا جەختیان کردووەتەوە کە سەرکەوتنی هەر دانوستانێکی ناڕاستەوخۆی ئاگربەستی غەززە بەندە بە ڕاگرتنی هیرشەکانی دوژمن، کشانەوەی تەواوی هێزە داگیرکارەکان لە غەززە، دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکانی فەڵەستینی بۆ ناوچەکانی خۆیان و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە هاوکات لە گەڵ ئاڵووگۆڕی دیلەکان.
حەماس و جیهادی ئیسلامی ستایشی پشتیوانییە ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان لە گەل و خۆڕاگری فەڵەستین کردووە و داوایان لە موسڵمانانی جیهان کردووە کە پەرە بە ڕوبەڕوبونەوەی دوژمنی زایۆنیستی بە هەر ئامرازێکی ڕەوا و ڕێگاپێدراو بدەن.
خۆڕاگریی فەڵەستین هەروەها ستایشی چالاکییەکانی خۆڕاگرییان لە بەرەی یەمەن، عێراق و باشوری لوبنان کردووە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەم دۆخە سەلمێنەری یەکڕیزی بەرەکانی خۆڕاگرییە و ئەوەمان پێ دەڵێت کە خەڵکی فەڵەستین لە بەرامبەر داگیرکاری زایۆنیستەکاندا تەنیا نین.
سەرکردەکانی ئەو دوو بزوتنەوە فەڵەستینییە ستایشی پشتیوانییەکانی خەڵکیان لە وڵاتان و ناوچە جیاجیاکانی جیهان کردووە و ڕایانگەیاندووە کە پشتیوانی جیهانی بۆ دۆزی فەڵەستین و خەڵکی غەززە بووەتە هۆی پەراوێزکەوتنی داگیرکاران و لایەنگرانی ئەوان./.