بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەیەکی نووسینگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری هاوئاهەنگی مرۆڤدۆستانە (OCHA) هاتووە کە کەرتی تەندرووستی لە غەززە بە هۆی بەردەوامی شەڕ و هێرشەکان و ڕێگری لە دابینکردنی پێداویستییەکان بەرەو هەڵوەشانەوەی تەواو دەڕوات و لە ئەنجامی ئەمەش ژمارەی ئەو نەخۆشخانانەی کە ناچالاک بوون ڕوویان لە زیادبوون کردووە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە لە 36 نەخۆشخانەی غەززە 24 نەخۆشخانە چالاکییان نەماوە، 2 نەخۆشخانە بە کەمترین خزمەتگوزارییەوە چالاکی دەکەن و 10 نەخۆشخانەی دیکەش تەنیا لە هەندێک بواردا چالاکی دەکەن، لەو 10 نەخۆشخانەش 4 نەخۆشخانە لە باکور و 6 ی دیکە لە باشوری غەززەدان.
سوپای ڕژێمی زایۆنیستی چەندین هەفتەی بەردەوامە هێرشەکانی لە سەر نەخۆشخانەی شیفا وەک گەورەترین نەخۆشخانەی کەرتی غەززە و دوو نەخۆشخانەی ناسر و ئەمەل لە خان یونس چڕ کردووەتەوە./.