بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید ڕەزا سەدرحوسێنی شارەزا و شرۆڤەکاری کاروباری ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا لە وتووێژێکدا سەبارەت بە سەردانەکەی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس (26 ی ئازاری 2024) بۆ تاران و چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەکانی لە گەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە تایبەت حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، وتی: لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ئەمە دووەم سەردانی بەڕێز هەنیە بۆ تاران بووە، ئەڵبەت لەم ماوەیەدا بەرپرسانی باڵای حەماس چەندین سەردانیان بۆ تاران هەبووە. دەبێت ئەوەش بوترێت کە لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگترین و بەهێزترین پشتیوان و لایەنگری فەڵەستین و ئامانجەکانی ئەم گەلەیە، لە بەر ئەوەی کە لە ماوەی 45 ساڵی ڕابردوودا پرسی فەڵەستین وەک گرنگترین پرسی جیهانی ئیسلام، یەکەمایەتی گەل و حکومەتی ئێران بووە.
ناوبراو وتی: بەم هۆیەوە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوو و لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی خەڵکی غەززەش، گرنگترین پشتیوانی ئەو خەڵکە لە بواری میدیایی و دیپلۆماسی و مەعنەوی، گەلی ئێران بووە و بەرپرسانی حەماس هەوڵ دەدەن کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام بێت و لە کاتی پێویستدا بۆ پێدانی ڕاپۆرت و وەرگرتنی تێڕوانینی بەرپرسانی ئێران سەردانی تاران دەکەن.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە بە ئاماژە بەوەی کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڕیاری ئاگربەستی بەپەلەی غەززەی دەرکردووە، ڕاوێژ و وەرگرتنی بۆچوونی بەرپرسانی ئێران دەتوانێت گرنگیی بۆ بزوتنەوەی حەماس و بەرپرسانی لایەنەکانی دیکەی خۆڕاگری بێت.
سەید ڕەزا سەدرحوسێنی لە درێژەدا سەبارەت بە پەیامەکانی سەردانەکەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس بۆ تاران وتی: ئەم سەردانە هەڵگری پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ سەرجەم لایەنەکان بووە کە لە سێ بەشدان: یەکەم، لایەنگرانی ڕژێمی زایۆنیستی. دووەم، لایەنگرانی خۆڕاگری و سێهەم ئەوانەی کە لە بەرامبەر تاوانەکانی زایۆنیستەکاندا بێدەنگییان هەڵبژاردووە و بەشێکی زۆری وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی دەکەونە ئەم بەشەوە.
ناوبراو وتی: ئەم سەردانە پەیامێکی دیکەی ڕوونی هەیە کە پرسی فەڵەستین وەک گرنگترین پرسی جیهانی ئیسلام، پرسێکی نەتەوەیی و عەرەبی نییە، بەڵکوو پرسێکی ئیسلامییە و درووشم و کرداری ئێران لە ماوەی 45 ساڵی ڕابردوودا کە گەڵ ڕاستییەکانی ئەمڕۆ بە تەواوی یەکدەگرێتەوە.
وتیشی کە ئەوانەی بە درووشم پشتیوانییان لە فەڵەستین و ئامانجەکانی ئەم گەلە دەکرد، لەم گۆڕانکارییانەدا ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نییە و بۆ بەرپرسانی باڵای خۆڕاگریی فەڵەستین، وەرگرتنی بۆچوون و تێڕوانینی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی گرنگییەکی زۆری هەیە. ئێران لە پرسی خۆڕاگری فەڵەستیندا رۆڵی یەکەمی هەبووە و ئەم سەردانەش دەتوانێت ئەم پەیامە ڕوون و ڕاشکاوانە دووپات بکاتەوە./.