بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ پێنج شەممە 28 ی ئازاری 2024 لە چاوپێکەوتنی زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین و شاندی یاوەری، هێزەکانی خۆڕاگری و غەززەیان تا ئەم کاتە بە براوەی گۆڕەپانی شەڕ ناو برد و جەختیانکردەوە کە لوتکەی کەرامەت و خۆڕاگریی خەڵکی غەززە و فەڵەستین و شکستەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لەم شەڕە شەش مانگەدا، ڕووداو و دیاردەیەکی ئیلاهییە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کوشتاری خەڵکی غەززە، وتیان: ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی بەو هەموو بانگەشەی سەربازی و پشتیوانی زلهێزە زاڵمەکانی جیهانەوە پەنا بۆ کوشتاری ژنان و منداڵان دەبات، پیشان دەدات کە ئەو ڕژێمە توانای ڕوبەڕوبونەوە و شکستی هێزەکانی خۆڕاگریی نییە.
بەڕێزیان بەرامبەر بە ئەمینداری گشتی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین وتیان: بە یارمەتی خودای گەورە ئێوە سەرکەوتنی کۆتایی خەڵکی غەززە دەبینن.
لەو چاوپێکەوتنەدا زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین وێڕای دەستخۆشی لە پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پرسی فەڵەستین، یاد و بیرەوەرییەکانی شەهید قاسم سولەیمانیی بەرز نرخاند و وتی: ئەوەی کە ئەمڕۆ لە غەززە دەگوزەرێت، لە ڕاستیدا دووبارەبوونەوەی ڕووداوی کەربەلایە و سەرەڕای هەموو سەختی و پیلانگێڕییەکان، خەڵکی غەززە لە گەڵ هێزەکانی خۆڕاگری لەوەدا سەرکەوتوو بوون کە بە خۆڕاگریی کەم وێنەی خۆیان، پیلانەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و هاوپەیمانەکانی ئەوان بۆ لەناوبردنی خۆڕاگری ڕوبەڕوی شکست بکەنەوە.
ناوبراو جەختی لە سەر هاوئاهەنگی تەواوی هێزەکانی خۆڕاگری بە تایبەت حەماس و جیهادی ئیسلامی کردەوە و وتی: خەڵکی غەززە و هێزەکانی خۆڕاگری تا سەرکەوتنی کۆتایی لە گۆڕەپانەکەدا دەمێننەوە و بە یارمەتی خودای گەورە ئەو سەرکەوتنە لە داهاتوویەکی نە چەندان دووردا مسۆگەر دەبێت./.