بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەبدولمەلک حوسی سەرۆکی ئەنساروڵڵای یەمەن بە بۆنەی نۆیەمین ساڵڕۆژی خۆڕاگریی نیشتمانی لە یەمەن، وتی کە سەرکەوتنی یەمەنییەکان بە یارمەتی خودای گەورە لە ماوەی 9 ساڵی ڕابردوو بۆ هەمووان ئاشکرا بووە.
ناوبراو وتی: هێرشەکانی سەر یەمەن بە بێ هیچ هۆشداری و پاساوێک کرا و هاوپەیمانی دوژمن لە سەرەتای شەڕەکەوە هەوڵی ڕووخاندن و داگیرکردن و پێشێلکردنی مافەکانی گەلی یەمەنی بە تایبەت لە بواری ئازادی و سەربەخۆیی دەدا.
حوسی بە ئاماژە بەوەی کە دوژمن خەڵکی سڤیلی دەکردە ئامانج و تاوانێکی دڕندانەی زۆری کردووە، وتی: هاوپەیمانی دوژمن بەردەوام خەڵکی لە شارەکان، لە گوندەکان و تەنانەت لە خێوەتەکانیان لە بیابانەکاندا دەکردە ئامانج.
سەرۆکی ئەنساروڵڵا ڕایگەیاند کە هاوپەیمانی سعوودیە بە کەڵک وەرگرتن لە بۆمب و مووشەک، 274 هەزار و 302 هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر گەلی یەمەن، هەرچەندە ئەم ئامارە تەواو نییە.
وتیشی کە سعوودیە لە ماوەی 9 ساڵی ڕابردوو لە گەیشتن بە ئامانجەکانی شکستی هێنا و هێرش و دەسدرێژییەکان بوونە هۆی شەهید و برینداربوونی زیاتر لە 50 هەزار کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون./.