بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕۆژی سێ شەممە 26 ی ئازاری 2024 لە چاوپێکەوتنی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس و شاندی یاوەری لە تاران، ستایشی هەڵوێستی بێ وێنەی هێزەکانی خۆڕاگری فەڵەستین و خەڵکی غەززەیان کرد و جەختیانکردەوە کە پشوودرێژی مێژوویی خەڵکی غەززە لە بەرامبەر تاوان و دڕندەییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کە بە پشتیوانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکرێت، بابەتێکی زۆر گرنگ و گەورەیە کە سەرەڕای پیلانگێڕییەکانی دوژمن، پرسی فەڵەستینی کردووەتە پرسی سەرەکی و یەکەمی جیهان.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختیان لەوە کردەوە کە کوشتار و کۆمەڵکوژی خەڵکی غەززە کاریگەری لە سەر هەر مرۆڤێکی بە ویژدان دادەنێت و وتیان: کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ کات درێغی لە پشتیوانیکردنی دۆزی فەڵەستین و خەڵکی زوڵملێکراو و خۆڕاگری غەززە ناکات.
بەڕێزیان پشتیوانیکردنی ڕای گشتی جیهان بە تایبەت وڵاتانی ڕۆژئاواتان لە خەڵکی غەززە بە گرنگ ناو برد و وتیان: کارنامەی میدیایی خۆڕاگریی فەڵەستین تا ئێستا زۆر باش و لە پێشەوە دوژمنی زایۆنیستییەوە بووە و دەبێت لەم بوارەدا زیاتر لە ڕابردوو چالاکی بکرێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی یاد و بیرەوەری شەهید ساڵح عاروری لە سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماسیان بەرز نرخاند و وتیان: ئەم شەهیدە گەورەیە کەسایەتییەکی زۆر دیار بوو کە شەهیدبوون، پاداشتێکی خودای گەورە بۆ تێکۆشانەکانی ئەو بووە.
ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لەو چاوپێکوتنەدا وێڕای دەستخۆشی لە پشتیوانییەکانی گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دۆزی فەڵەستین و بە تایبەت خەڵکی غەززە، ڕاپۆرتێکی لە سەر دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و مەیدانییەکانی شەڕی غەززە خستەڕوو و وتی: پشوودرێژی و خۆڕاگریی بێ وێنەی خەڵکی غەززە و هێزەکانی خۆڕاگری لەم شەش مانگەدا کە بۆ ئیمانی بەهێزی ئەوان دەگەڕێتەوە، بووەتە هۆی ئەوەی کە دوژمنی زایۆنیستی بە هیچ یەک لە ئامانجە ستراتیژییەکانی لە شەڕی غەززە نەگات.
ناوبراو جەختیکردەوە کە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا ئەفسانەی نەدۆڕانی ڕژێمی زایۆنیستیی لە ناو برد و ئێستا لە پاش شەش مانگ، دوژمنی زایۆنیستی زیانی قورسی بەرکەوتووە و بە هەزاران سەربازی لە شەڕەکەدا کوژراون و بریندار بوون.
هەنیە وتی: شەڕی غەززە، شەڕێکی جیهانییە و دەسەڵاتدارانی ئەمریکا هاوبەشی تاوانی زایۆنیستەکانن، لە بەر ئەوەی کە ئەرکی سەرەکی بەڕێوەبردنی ئەم شەڕە لە ئەستۆی ئەوانە.
سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە کۆتاییدا بەرامبەر بە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، وتی: دڵنیایی بە بەڕێزتان دەدەین کە سەرەڕای ئەو هەموو تاوان و کۆمەڵکوژی و دڕندەییەی کە لە لایەن زایۆنیستەکانەوە لە غەززە دەکرێت، خەڵکی غەززە و هێزەکانی خۆڕاگری، بەهێزەوە وەستاون و موڵەتی ئەوە بە ڕژێمی زایۆنیستی نادەن بە هیچ یەک لە ئامانجەکانی بگات./.