بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سندۆقی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە یۆنیسێف لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ڕایگەیاند کە ئەوەی لە کەرتی غەززە ڕوو دەدات شەڕێکە دژی منداڵان و لە ئێستادا ئەم ناوچەیە شوێنی گونجاو بۆ ئەوان نییە.
جەیمس ئەلدەر وتەبێژی یۆنیسێف کە لە سەرەتای شەڕی غەززەوە تا ئێستا دوو جار سەردانی ئەم ناوچەیەی کردووە، لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە منداڵانی غەززە زۆرترین زیانیان پێگەیشتووە و ئەوەی لەوێ ڕوو دەدات بە شەڕی دژ بە منداڵان پێناسە دەکرێت.
ناوبراو وتی: بە گشتی لە هەموو شەڕ و قەیرانەکاندا منداڵان لەو گرووپانەن کە زۆرترین زیانیان پێدەگات و زۆر جار لە سەدا 20 ی قوربانییەکان لە منداڵانن، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە غەززە نزیکەی لە سەدا 40 دەبێت، چوونکە لە سەرەتای شەڕی غەززەوە تا ئێستا زیاتر لە دە هەزار منداڵی غەززە گیانیان لە دەست داوە و ئەم ڕێژەیەش بە شێوەیەکی مەترسیدار لە بەرزبوونەوەدایە، جگە لەوەش منداڵانی غەززە لە ژێر گوشارێکی زۆری دەروونیدان و تاکە ڕێگای دەربازبوونی ئەوان لەم دۆخە، ڕاگەیاندنی ئاگربەستە.
ئەو بەرپرسەی یۆنیسێف جەختیکردەوە کە غەززە چیتر بۆ ئەو یەک ملیۆن منداڵەی لەوێدا ژیان بە سەر دەبەن، شوێنێکی شیاو بۆ ژیان نییە.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی یۆنیسێف، لە ماوەی زیاتر لە 5 مانگ شەڕی بەردەوامی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە، زیاتر لە 13 هەزار منداڵ گیانیان لە دەست داوە و بە هەزاران منداڵی دیکەش بریندار بوون.
کاترین ڕۆسێڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی یۆنیسێف لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند: ئەوەی کە لەم چەند مانگەدا لە غەززە بینراوە، لە هیچ شەڕێکی دیکەدا نەبینراوە. زۆرێک لە منداڵانی غەززە بە دەست کەمخوێنی و بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن، تەنانەت چیتر وزەی گریانیشیان نییە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاستەنگێکی زۆر کەوتووەتە بەردەم گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە.
لە دۆخێکی وەک ئێستادا کە منداڵانی غەززە گەورەترین قوربانیی تاوانە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستین، فیلیپ لازارینی کۆمیساریای گشتی ئاژانسی ئۆنڕوا، شەڕی ئێستای غەززەی بە شەڕی دژ بە منداڵان ناو برد و ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لەم چەند مانگەدا لە غەززە گیانیان لە دەست داوە زیاترە لە هەموو ئەو منداڵانەی کە لە ماوەی 4 ساڵی ڕابردوودا لە سەرجەم شەڕ و ململانێکانی جیهاندا گیانیان لە دەست داوە.
ئاژانسی ئۆنڕوا ڕایگەیاندووە کە بەدخۆراکی لە نێو منداڵانی غەززە بە خێرایی بڵاو بووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستێکی بێ وێنە و مەترسیدار و قات و قوڕییەکی ڕاستەقینە بوونی هەیە./.