بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە پێچەوانەی بانگەشە و شەڕی دەروونی ڕژێمی زایۆنیستی، دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین و ژمارەیەک لە حکومەتە دیکتاتۆرە عەرەبییەکان، ڕێژەی پشتیوانی خەڵک لە بزوتنەوەی حەماس زیادی کردووە.
بە نزیکبوونەوە لە 6 مانگ شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی کەرتی غەززە، تەنیا لە سەدا 19 ی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە لەو بڕوایەدان کە ڕژێمی زایۆنیستی سەرکەوتوو دەبێت، لە کاتێکدا کە لە سەدا 59 ی ئەوان ڕایانگەیاندووە بەڕێوەبردنی غەززە لە پاش ئەم شەڕەش لە ئەستۆی حەماس دەبێت، بە واتای ئەوەی کە زۆربەی فەڵەستینییەکان بەردەوام بڕوایان بە توانا سەربازییەکانی حەماس هەیە و ئەم بزوتنەوەیە بە براوەی شەڕەکە دەزانن.
لە ئەنجامەکانی ئەم ڕاپرسییە دەتوانین ئاماژە بەوە بدەین کە بزوتنەوەی حەماس لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە ڕەزامەندی خەڵک بۆ خۆی بهێڵێتەوە و ئەو ڕێژەیەش گەیشتووەتە لە سەدا 71، هەروەها ڕێژەی ڕەزامەندی لە یەحیا سنوار سەرۆکی حەماس لە غەززە گەیشتووەتە لە سەدا 61. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێژەی ڕەزامەندی لە بزوتنەوەی فەتح لە کەرتی خۆرئاوا لە سەدا 27 بووە و سەبارەت بە مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستینیش گەیشتووەتە لە سەدا 14 و دابەزینی هەبووە.
سێ لە سەر چواری فەڵەستینییەکان لەو بڕوایەدان کە شەڕی غەززە لە 7 ی تشرینی 2023 تا ئێستا وایکردووە کە سەرنج و گرنگیدانی نێودەوڵەتی بە پرسی فەڵەستین زیاتر ببێت و ئەمەش وایکردووە کە مافی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین بە فەرمی بناسرێت.
لە سەدا 56 ی دانیشتووانی غەززە لە بڕوایەدان کە ئەگەر هەڵبژاردنەکان بەڕێوە بچێت بزوتنەوەی حەماس براوە دەبێت. زۆربەی دانیشتووانی غەززە ئەگەری سەرکەوتنی ڕژێمی زایۆنیستی لەم شەڕەدا بە لاواز دەبینن.
ڕاپرسییەکە پیشان دەدات کە لە سەدا 86 ی فەڵەستینییەکان لە کارنامەی مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین ڕازی نین و داوای دەست لە کار کێشانەوەی ئەویان کردووە./.