بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرۆک کۆماری ئەمریکا ئەو لێدوانەی لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ ” ڕۆبرت هور ” تەنیا یەک ڕۆژ لە پاش 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 و ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسای حەماس داوە و وتی ” پێم وایە جیهان لەم خاڵی وەرچەرخانی گەورەیە تێپەڕ دەبێت و دیاری نییە لەو کاتەدا چی ڕوو دەدات. ئەنجامی ئەوەش دیاری دەکات کە شەش تا حەوت دەیەی داهاتوو چۆن دەبێت “. ئەو هەروەها وتی کە ” ڕەنگە سزا بدرێین “.
ئاشکرایە کە شرۆڤەکەی بایدن لە سەر ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسای حەماس درووست بووە. ئەم شەڕە ئەوەی بە ئەمریکا سەلماندووە کە تێچووە قورسە سەربازی، ئابوری، سیاسی و میدیاییەکانی نیو سەدەی ڕابردووی ئەمریکا بۆ پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنیستی، لە ماوەی چەندین کاتژمێردا لە ناو چوو، لە بەرئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستیی پڕچەککراو بە چەکە پێشکەوتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەروەها خاوەنی چەکی ناوەکی، لە بەرامبەر هێرشەکانی گەنجانی فەڵەستینیدا تێکشکا.
زریانی ئەقسا لە ڕاستیدا جیهان بەرەو گۆڕانکاری دەبات، لە بەر ئەوەی کە ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەوەی سەلماندووە کە لەناوبردنی گەلی فەڵەستین لە خاکی فەڵەستیندا ناکرێت، وەک چۆن کە لەناوبردنی پرسی فەڵەستین و مزگەوتی ئەقسا ناکرێت و بە واتایەکی دیکە، کوژانەوەی بڵێسەی ئاگری خۆڕاگری لە دڵی خەڵکی فەڵەستیندا بە ئاسانی و بە پڕچەککردنی ڕژێمی زایۆنیستی بە پێشکەوتووترین چەکە سەربازییەکان سەر ناگرێت.
جیهان تووشی گۆڕانکاری دەبێت، ئەمریکا کە بە پێی لێدوانی فەرمی بایدن ” سزا دەدرێت “، ئەرکی پشتیوانی لەم ڕژێمە دڕندە و منداڵکوژەی گرتووەتە ئەستۆ کە ئەم هەموو وێرانی و کوشتاری غەززەی کردووە. لە ڕاستیدا ئەوە ئەمریکایە کە شەڕی غەززە بەڕێوە دەبات و هێرشی کردووەتە سەر یەمەن، سوریا و عێراق و ئەمریکا لە گەورەترین کوشتاری بەکۆمەڵی پاش شەڕی دووەمی جیهانی هاوبەشە و بانگەشەی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ غەززە و نیگەرانی بەرامبەر بە دۆخی ژیانی فەڵەستینییەکان لەم ناوچەیە بێ سوودە.
خەڵکی جیهان بە تایبەت گەلانی ڕۆژئاوا و لە سەروی ئەوانیشەوە گەلی ئەمریکا ئەمڕۆ بەو ڕاستییە گەیشتوون کە ڕژێمی زایۆنیستی تەنیا بنکەیەکی سەربازیی پێشکەوتووی ئەمریکایە لە نێو دڵی جیهانی ئیسلام و ئەگەر ئەمریکا نەدەبوو دەرفەتی بەردەوامبوونی ئەم ڕژێمە هیچ کات بوونی نەدەبوو و بە دڵنیاییەوە کە گەلی فەڵەستین بە تەنیایی توانای لەناوبردنی ئەم ڕژێمە منداڵکوژەیان هەبوو. هەر بۆیە بایدن بۆ یەکەم جار دانی بەوەدا ناوە کە جیهان ڕەنگە ئەمریکا سزا بدات، لە بەر ئەوەی کە ئەمریکا یەکەمین و دوایین هۆکاری ئەو تاوانەیە کە لە فەڵەستین بە تایبەت لە پاش 7 ی تشرینی 2023 ەوە ڕوو دەدات.
بە ئاسانی دەتوانین بەوە بگەین کە بۆ بایدن لە چارەنووسی ڕژێمی زایۆنیستی نیگەرانە. ئەو چەندین دەیەیە کە شانازی بە زایۆنیستبوونی خۆیەوە دەکات و دەڵێت کە ” ئەگەر ئیسرائیل بوونی نەدبوو ئەو پێکیدەهێنا “. بەم هۆیەوە دەڵێین کە بایدن زاڵمترە لە نتانیاهۆ و بن گویر لە دژی فەڵەستینییەکان و لەم شەڕەشدا زیاتر لە 32 هەزار فەڵەستینی شەهید کراون و ئەو هێشتا دژی ڕاگەیاندنی ئاگربەستە و جەخت لە سەر لەناوبردنی حەماس دەکاتەوە، لە بەر ئەوەی کە حەماس و خۆڕاگریی فەڵەستین ئەوەیان بە جیهان سەلماندووە کە دەتوانن جیهان بەرەو گۆڕانکاری ببەن و ئەمریکا زیاتر تووشی کێشە بکەن. حەماس و خۆڕاگری هەروەها درۆبوونی دیمۆکراسی، ئازادی، دادپەروەری و مافی مرۆڤی سەلماندووە، ئەو بابەتانەی کە ئەمریکا بانگەشەیان بۆ دەکات./.