بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین ڕۆژی هەینی 23 ی ئازاری 2024 لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیدا، دوایین گۆڕانکارییە میدانی و سیاسییەکانی فەڵەستین و غەززەیان تاوتوێ کرد.
زیاد نەخالە ڕایگەیاند کە هێز و توانا و ورەی خۆڕاگری پاش تێپەڕبوونی نزیکەی 6 مانگ بە سەر شەڕی سەپێندراوی ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە زۆر بەرزە و ستایشی هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ پشتیوانیکردنی خەڵک و خۆڕاگری فەلەستین کردەوە.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین، یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستینی بە نهێنی سەرکەوتنی ئەم گەلە لە بەرامبەر ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی ناو برد و وتی: هاوئاهەنگی نێوان لایەنەکانی خۆڕاگری بە تایبەت حەماس و جیهادی ئیسلامی لە دانوستانە سیاسییەکاندا کاریگەری هەبووە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لەو وتووێژەدا ستایشی خۆڕاگری مێژوویی گەل و لایەنە فەڵەستینییەکانی لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی کرد و جەختی لە سەر پێویستی هەنگاوی بەپەلەی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی کوشتاری ئەو ڕژێمە و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ دانیشتووانی غەززە کردەوە./.