بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیر سەعید ئیروانی ڕۆژی پێنج شەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، وتی: ئەم مانگە سێزدەیەمین ساڵیادی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سوریایە، لەم ساڵانەدا خەڵکی سوریا زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە و ئەم ئاڵۆزییانەش کاریگەری نەرێنیی لە سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بە گشتی هەبووە.
ناوبراو وتی: هەر لە سەرەتای ئاڵۆزییەکانی سوریاوە هەندێک وڵات ستراتیژی خۆیان لە سەر بنەمای سەربازی داناوە و بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێزیان لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا نەگرتووە و پشتیوانییان لە گرووپە تیرۆریستی و جوداییخوازەکان کردووە.
ئیروانی وتی: دەبێت هەمووان بزانن کە قەیرانی سوریا چارەسەری سەربازیی نییە و هەندێک بابەتی وەک بەسیاسیکردنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان و …. تەنیا دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی ئەم قەیرانە و زیاتربوونی ئێش و ئازارەکانی خەڵکی سوریا.
باڵیۆزی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: خەڵکی سوریا داگیرکاری خاکی خۆیان ڕەتدەکەنەوە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەبێت لە بەرامبەر ئەم تاوانەدا بوەستێت، لە بەر ئەوەی کە داگیرکاری خاکی هەر وڵاتێک دژی بنەما سەرەکییەکانی یاسای نێودەوڵەتییە.
ئەمیر سەعید ئیروانی وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکی دیکە داواکارییەکەی بۆ کشانەوەی بەپەلەی هێزە بیانییە نایاساییەکان لە سوریا دووبارە دەکاتەوە، بە تایبەت ئەمریکییەکان کە بەشێک لە خاکی سوریایان داگیر کردووە. هەروەها ڕاگرتنی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان تا سەقامگیری بۆ ئەم وڵاتە بگەڕێتەوە./.