بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتووڵڵا خامنەیی لە پەیامێکدا بە بۆنەی دەستپێکردنی ساڵی 1403 ی کۆچی هەتاوی، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە گەلی ئێران، بە تایبەت بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و هەموو ئەو گەلانەی نەورۆز بەرز ڕادەگرن، ساڵی نوێیان وەک ساڵی پەرەپێدانی وەبەرهێنان بە بەشداری خەڵک دیاری کرد.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە پەیامەکەیاندا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە بە خوێندنەوە و لێکدانەوەی بۆچوونی شارەزایان بەو ئەنجامە گەیشتووین کە کلیلی سەرەکی چارەسەرکردنی کێشە ئابورییەکانی وڵات بریتییە لە پرسی وەبەرهێنان، وەبەرهێنانی ناوخۆیی، وەبەرهێنانی نیشتمانی و بۆ ئەمەشە کە لە چەند ساڵی ڕابردوو بەردەوام جەخت لە سەر ئەمە کراوەتەوە.
بەڕێزیان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر گەشەی وەبەرهێنان و هەنگاوەکان بە ئامانجی بەرەوپێشچوونی وەبەرهێنانی نیشتمانی بە باشترین شێواز جێبەجێ بکرێت، زۆربەی کێشە ئابورییەکانی وەک هەڵئاوسان، بێکاری، بەهای دراوی نیشتمانی و … بەرەو چارەسەربوون دەڕۆن.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕایانگەیاندووە کە پەرەپێدان بە بێ بەشداری خەڵک و بە بێ ئامادەبوونی خەڵک لە گۆڕەپانی وەبەرهێناندا مسۆگەر نابێت.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر دەمانەوێت پەرەپێدانی وەبەرهێنان ڕوو بدات دەبێت ڕێژەی بەشداری خەڵک لە ئابوری وڵاتدا زیاتر ببێت و دەبێت بەربەستەکانی ئەم ئامادەبوون و بەشدارییەی خەڵک چارەسەر بکرێن./.