بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر زاری بەرپرسانی باڵای ئەو ڕژێمەوە کە ناوەکانیان ئاشکرا نەکردووە، ڕایانگەیاندووە کە جۆبایدن و ئیدارەی کۆشکی سپی هەوڵی ڕووخاندنی حکومەتەکەی بنیامین نتانیاهۆ دەدەن.
بەرپرسێکی زایۆنیست ڕەخنەی لە هەوڵەکانی بایدن و ئیدارەی کۆشکی سپی گرتووە و ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل حکومەتی سێبەری ئەمریکا نییە و حکومەتێکی سەربەخۆی خاوەن دیمۆکراسییە و ئەمە دانیشتووانی ئیسرائیلن کە حکومەت هەڵدەبژێرن.
ئەو بەرپرسەی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا لە جێی رووخانی حکومەتی نتانیاهۆ دەبێت هەوڵی ڕووخاندنی بزوتنەوەی حەماس بدات.
پێشتریش بەرپرسێکی باڵای زایۆنیست هەواڵی ئاڵۆزییەکانی نێوان بایدن و نتانیاهۆی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی بڕیاریداوە ململانێ لە گەڵ جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا دەست پێبکات.
کەناڵی 12 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر زاری بەرپرسێکی باڵای ئەو ڕژێمە ڕایگەیاندووە کە نتانیاهۆ لە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکەی ئەمریکا کە باس لە ئەگەری لە دەستدانی دەسەڵاتەکەی دەکات، توڕەیە.
ڕاشیگەیاندووە کە نتانیاهۆ پاش ڕاپۆرتەکەی سی ئای ئەی بڕیاریداوە ڕوبەڕوی بایدن ببێتەوە.
ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین متمانەیان بە نتانیاهۆ بۆ ئیدارەدانی حکومەتی ڕژێمی زایۆنیستی نییە و پێشبینی دەکرێت ڕوبەڕوی شەپۆلێکی ناڕەزایەتییەکان بۆ دەست لە کار کێشانەوەی ببێتەوە./.