بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەبدولمەلک بەدرەدین حوسی سەرۆکی ئەنساروڵڵای یەمەن سەبارەت بە بەردەوامی تاوانەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە، وتی: ژمارەی شەهید و بریندارەکانی غەززە زۆرە و ئەمەش بۆ جیهانێک کە بانگەشەی شارستانیبوون دەکات، شەرمەزارییەکی گەورەیە.
ناوبراو سەبارەت بە بانگەشەی هاوکاریکردنی خەڵکی غەززە لە لایەن ئەمریکاوە وتی: ئەو هاوکارییە زۆر کەمە کە لە فڕۆکەوە فڕێ دەدرێتە خوارەوە، شانۆگەرییەکی ئەمریکییە کە سووکایەتی بە کەرامەتی گەلی گەورەی فەڵەستین دەکات.
سەرۆکی ئەنساروڵڵا وتی: ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە تاوانی سەدەیان کردووە.
سەید عەبدولمەلک بەدرەدین حوسی وتی: بێ هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی هۆکاری تاوانی سەدەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە بووە.
ناوبراو وتی کە ئەمریکا بە ڕێگری لە ڕاگرتنی شەڕ و پێداگری لە سەر گەمارۆی کەرتی غەززە، بووەتە هۆکاری بەردەوامبوونی تاوانەکانی زایۆنیستەکان بەرامبەر بە گەلی فەڵەستین.
سەرۆکی ئەنساروڵڵای یەمەن وتی: ئەگەر وڵاتانی عەرەبی هاوکاری غەززە بکەن دۆخەکە زۆر جیاواز دەبێت.
وتیشی کە لە نێو وڵاتانی ئیسلامیدا تەنیا کۆماری ئیسلامی ئێران چەکی داوەتە خۆڕاگریی فەڵەستین و خۆڕاگری فەڵەستینیش وەک نوێنەری تەواوی موسڵمانان چووەتە ئەم شەڕەوە.
سەید عەبدولمەلک بەدرەدین حوسی وتی: رژێمی زایۆنیستی پاش چەندین مانگ هێشتا لە مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی لە غەززە شکستی هێناوە.
ناوبراو وتی: هەمووان دەبێت بزانین کە ڕژێمی زایۆنیستی دوژمنی تەواوی موسڵمانانە و دڕندەیی ئەمریکاش لە دژی گەلی فەڵەستین بۆ سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە بەرامبەر بە موسڵمانان دەگەڕێتەوە.
سەرۆکی ئەنساروڵڵا وتی کە هێزە چەکدارەکانی یەمەن وەک پشتیوانییەک بۆ گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین لە غەززە، تا ئێستا هێرشیان کردووەتە سەر 73 کەشتی بازرگانی و سەربازیی لایەنگری ڕژێمی زایۆنیستی و ئەم چالاکییانەش بەردەوام دەبێت./.