بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەواد ئەوجی ڕایگەیاند کە گەشەی ئابوری ئێران لە ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی بە بێ هەژمارکردنی نەوت لە سەدا 2.5، بە هەژمار کردنی نەوت لە سەدا زیاتر لە 5 و گەشەی ئابوریش لە کەرتی نەوتدا لە سەدا 20 بووە.
ناوبراو وتی: سزاکانی دوو ساڵی ڕابردووی سەر ئێران زیاتر لە سزاکانی ساڵی 2018 و 2019 بووە و ئەمڕۆ پیشەسازی نەوت زیاتر و کاریگەرتر لە ساڵانی ڕابردوو بەردەوامە لە چالاکییەکانی.
ئەوجی وتی: گەڕانەوەی دوناڵد ترەمپ بۆ دەسەڵاتی ئەمریکا هیچ کاریگەرییەکی لە سەر هەناردەی نەوتی ئێران نابێت، ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی بەربەستی زۆر خرایە بەردەم هەناردەی نەوتی ئێران بەڵام لە ئێستادا بەراورد بە 5 ساڵی ڕابردوو زیاترین ڕێژەی هەناردەی نەوتمان هەیە.
وەزیری نەوتی ئێران ڕایگەیاند کە لە چەندین کێڵگەدا بە هاوکاری کۆمپانیاکانی ڕووسیا چالاکی دەکرێت و ئەنجامی ئەم هاوبەشییەش بووەتە هۆی زیاتربوونی 200 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە لە وەبەرهێنانی نەوت./.