لە سەردەمی خەباتی کوردانی عێراق دژی دیکتاتۆریەتی سەدام و بەعس، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی وەک برا گەورەکەی سەدام بوون، ئەوان لە هەموو ڕوویەکەوە خۆیان بە پشتیوانی سەدام و ڕژێمی لەناوچووی بەعس دەزانی. لە ڕووی داراییەوە یارمەتیدەری سەدام بوون، هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنییەکیان بە تایبەت چەکە کۆمەڵکوژ و قەدغەکراوەکان بەو دەدا، لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە تەواوی لە پشتی سەدام و ڕژێمی بەعس بوو.
لەو هەموو تاوان و دڕندەییە کە سەدام و بەعسییەکان دژی کوردانی عێراق دەیانکرد، کەسێک نەبوو لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی و تەنانەت لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکەش تەنیا بە وشەیەک ڕەخنە لەو دیکتاتۆرە بگرێت، لە ڕاستیدا ئەوان ناڕاستەوخۆ ئەنجامدەری تاوانەکانی سەدام لە دژی کورد بوون.
سەدام لە 16 ی 3 ی 1988 تاوانە گەورەکەی کرد، شاری هەڵەبجە بۆردومانی کیمیایی کرا، 5 هەزار کەس شەهید و هەزارانی دیکەش بریندار بوون. سەدام ئەم تاوانە گەورەی بە بەرچاوی وڵاتانی ڕۆژئاواوە کرد، ئەوان دەیانزانی کە چەک و بۆمبەکانی خۆیانە کە ڕژاوە بە سەر خەڵکی بێ تاوانی هەڵەبجەدا.
لەو کاتە تەنگانەدا تەنیا کۆماری ئیسلامی ئێران بوو فریای هەڵەبجەییەکان کەوت، هێزەکانی ئێران دەستبەجێ هاوکارییەکانیان دەستپێکرد، بریندارەکان گوازرانەوە بۆ ناوخۆی ئێران و لە نەخۆشخانەکانی ئەم وڵاتە وەرگیران، سنورەکان بۆ ئاوارەکانی هەڵەبجە کرانەوە و خەڵک و حکومەت هاوکارییەکی کەم وێنەیان پێشکەش بەوان کرد.
کۆماری ئیسلامی ئێران لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوامە لە هاوکارییەکانی بۆ خەڵکی هەڵەبجە و ئەمەش بووەتە هۆی نزیکایەتی کەم وێنەی هەڵەبجەییەکان و ئێرانییەکان.
ئێستا ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا خۆیان لە خەڵکی هەرێمی کوردستان نزیک کردووەتەوە، خۆیان بە فریادڕەسی ئەوان دەزانن، ئەمانە هەر ئەو وڵاتانەن کە سەدام و بەعسیان پڕچەک کرد تا تاوانەکانی وەک ئەنفال و کیمیاباران لە دژی کورد بکەن. ئێستا ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی خۆیان بە لایەنگری مافی مرۆڤ دەزانن، هاتوونەتە هەرێمی کوردستان دەڵێن ئێمە پشتیوانی ئێوەین.
بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەمریکا و ئەو وڵاتانە تەنیا پشتیوانی لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن و هیچ کات دۆست و هاوپەیمانی کورد و هەرێمی کوردستان نەبوون. هیوادارم ڕووی ڕاستەقینەی ئەمریکییەکان زیاتر بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕوون ببێتەوە تا بزانن کە ئەمریکا هیچ کات نە دۆست بووە و نە هاوپەیمان، بەڵکوو تاڵانچی و بکوژ و پیلانگێڕ بووە و واش دەمێنێتەوە./.