بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن گەڕوسی ڕایگەیاند کە هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکانی ئێران و تورکیا لە ساڵانی داهاتوودا زیاتر دەبێت.
ناوبراو وتی: یەکێک لە ڕێڕەو گرنگە بازرگانییەکانی ئێران، ڕێڕەوی ڕۆژهەڵات بەرەو باکوری ڕۆژئاوایە بە ناوی سەرەخس – بازرگان و لە لایەکی دیکەوە ڕێڕەوی باشوری ڕۆژهەڵات بەرەو باکوری ڕۆژئاوا یان چابەهار – بازرگان، هەموو ئەمانەش دەگەنە ناوچەی ئازادی ماکۆ و ئەم ناوچەیە دەتوانێت ڕۆڵی گرنگی لە بواری بازرگانی ئێراندا هەبێت.
بەرپرسی دەستەی ناوچەی ئازادی ماکۆ وتی: ماکۆ کۆتا خاڵی بەستنەوەی کیشوەری ئاسیا و ئەورووپایە، لە ڕابردووشدا ئەم ناوچەیە لە نەخشەی ڕێگای ئاورێشمدا بووە و ئەمەش پیشاندەری پێگەی گرنگی بازرگانی ماکۆیە کە لە بوارەکانی لۆجستی، بازرگانی و ترانزێت دەرفەتی وەبەرهێنانی زۆری هەیە.
گەڕوسی بە ئاماژە بە واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی کردنەوەی ناوچەی ئازادی هاوبەشی ئێران و تورکیا، وتی: کردنەوەی هێڵی نوێ ئاسن لە نێوان هەر دوو وڵات دەتوانێت بەرەوپێشچوونێکی گەورە بێت، پاش ئەمەش پەرە بە کاروباری ترانزێت دەدرێت.
وتیشی کە کارە سەرەتاییەکانی ئەم پرۆژانە دەگاتە کۆتایی و ڕێکەوتنەکانیان لە نێوان سەرۆک کۆمارانی ئێران و تورکیادا واژۆ کراوە./.