بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سونگ سو جوی باڵیۆزی کۆریای باشور لە عێراق بە ڕۆژنامەی سەباح ی ڕاگەیاندووە کە وڵاتەکەی لە ساڵی 2003 تا ئێستا 600 ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆڤدۆستانەی عێراقی لە بوارەکانی پەروەردە و تەندرووستی کردووە.
ناوبراو وتی: عێراق خاوەنی چوارەم یەدەکی نەوتی جیهانە و هەوڵ دەدات کە ژێرخانەکانی پیشەسازی نەوت و غاز و پاڵاوگەکانی زیاتر و بەهێزتر بکات و کۆریای باشوریش وەک وڵاتێکی پێشکەوتوو لە بواری پاڵاوگەکاندا ڕۆڵی گرنگی لە هاوکاریکردنی عێراق بە تایبەت لە پاڵاوگەی کەربەلادا دەبێت.
باڵیۆزی کۆریای باشور بە ئاماژە بە بەشداری کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی لە پرۆژە ستراتیژییەکانی عێراق بە تایبەت بەندەری گەورەی فاو وتی: عێراق بازاڕێکی گرنگە بۆ هەناردەی کۆریای باشور بە تایبەت لە بواری ئۆتۆمبێل و کەرەستە ئەلیکترۆنییەکان و ڕێژەی ئەم هەناردەیەش یەک ملیار و 100 ملیۆن دۆلار بووە.
ڕاشیگەیاند کە بە ڕێژەی 7 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە عێراق هاوردە کراوە./.