بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەک ساڵ بە سەر ئاشتەوایی نێوان ئێران و سعوودیە بە نێوەندگێڕی چین تێپەڕ بووە و کۆتایی بە 7 ساڵ ململانێ و شەڕی ناڕاستەوخۆ لە بەرە جیاجیاکان بە تایبەت یەمەن هێنا.
پەکین پایتەختی چین 10 ی ئازاری 2023 ڕێکەوتنێکی مێژوویی بە خۆوە بینی کە بە پێی ئەو ڕێکەوتنە تاران و ڕیاز کۆتاییان بە ناکۆکییەکانیان هێنا لە لە نیسانی 2016 ەوە دەستیپێکردبوو و پێیان نایە قۆناغێکی نوێ کە بە خێرایی کاریگەریی لە سەر چەندین دۆسیەی ناوچەیی دانا.
سەرەڕای ئاڵۆزبوونی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت شەڕی غەززە و هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە بەرەوپێشچوونی زیاتری هەبووە.
دۆسیەی یەمەن
بۆ کەس شاراوە نییە کە ئاشتەوایی نێوان ئێران و سعوودیە کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر چەندین دۆسیەی ناوچەیی بە تایبەت یەمەن هەبووە، دۆسیەیەک کە پێش ئازاری 2023 یەکێک لە ئاڵۆزترین دۆسیەکانی ناوچەکە بووە.
بە دوور لە کاریگەری هێرشە بەردەوامەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر کەرتی غەززە لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە، ئاشتەوایی نێوان ئێران و سعوودیە لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە خێرایی شەڕ و پێکدادانەکانی یەمەن دابەزێنێت.
ڕێکەوتنی ئێران و سعوودیە لە پەکین، دەرفەتێکی زۆر گرنگی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی یەمەن دابین کرد، شەڕێک کە زیانی مادی و مرۆیی زۆری بۆ سعوودیە و ناوچەکە هەبوو و تەنانەت کاریگەرییەکی زۆریشی لە سەر پرۆژە ستراتیژییەکانی سعوودیە دانابوو.
دۆسیەکانی دیکە
تاران و ڕیاز دەیانەوێت ڕێکەوتنی ئاشتی بە نێوەندگێڕی چین بە سەرکەوتنی کۆتایی بگات. ئەم ڕێکەوتنە لە پاش لاوازبوونی پێگەی ستراتیژیی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت لە شەڕی غەززە و پشتیوانییەکانی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی، گۆڕانکاری جیۆپۆلتیکی بە دوای خۆیدا دێنێت.
ڕێکەوتنەکەی ئێران و سعوودیە کاریگەریی لە سەر یەمەن و سوریا هەبووە و ئاستەنگەکانی بەردەم دانوستانەکانی ڕیاز و ئەنساروڵڵای یەمەنی چارەسەر کرد و هەروەها دەرگای گەڕانەوەی دیمەشقی بە ڕووی کۆمکاری عەرەبیدا کردەوە و بەشار ئەسەد پاش ساڵانێک بەشداریی لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە ڕیاز و کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئیسلامی لە ڕیاز کرد.
ڕیاز هەڵوێستێکی شیاو و بێلایەنی لە بەرامبەر قەیرانی باشوری دەریای سوور و کەنداوی عەدەن هەبووە و نەبووە بەشێک لە هاوپەیمانییەکەی ئەمریکا بۆ دژایەتیکردنی ئەنساروڵڵای یەمەن.
لە بەرامبەردا تاران پابەندی نەبوونی دەستێوەردانە لە کاروباری ناوخۆیی سعوودیە و وڵاتانی دیکەی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس و ئەمەش سەقامگیرییەکی بۆ ناوچەکە گەڕاندووەتەوە و ڕەنگە هەلومەرجێکی گونجاو بۆ گەیشتن بە لێک تێگەیشتنی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە سیستەمی ئەمنت هاوبەش بە دوور لە ڕۆڵی وڵاتانی بێگانە دابین بکات.
پەیوەندییەکی ستراتیژی
بە پێی ئەوەی کە ئێران و سعوودیە پێگەی سیاسی و ستراتیژییان لە ناوچەکەدا هەیە، هەر ئاڵۆزییەک لە نێوانیان دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لە سەر ناوچەکە بە گشتی دابنێت.
پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە هەموو کات بووەتە بەشێک لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.
هەر دوو وڵات پەیوەندییەکی ستراتیژییان لە ناوچەکانی وەک لوبنان و یەمەن هەیە، هەروەها لە وڵاتانی دیکەی وەک بەحرەین، عێراق و سوریا پەیوەندییەکی کەمتر هەیە.
باشتربوونی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە بە نێوەندگێڕی چەند وڵاتێکی ناوچەکە وەک عۆمان، عێراق و قەتەر ڕوویدا بەڵام نەگەیشتە قۆناغی یەکلاییکردنەوەی دۆسیە گرنگەکانی وەک سەرۆکایەتی لوبنان.
سەرەڕای دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز، هێشتا لە سەر دۆسیەی سەرۆکایەتی کۆماری لوبنان ناکۆکی لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا هەیە.
گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ڕیاز بۆ باشترکردنی دۆخی یەمەن زۆر گرنگ بوو، شەڕەکە لە لایەن سعوودیەوە ڕاگیرا و بە فەرمی کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هێنرا.
پرۆژەکانی سعوودیە
گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە کاریگەریی لە سەر تێڕوانینی ئەمنی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس و هەروەها سەرقاڵبوونی زیاتری سعوودیە بە پرۆژەی ئاسۆی 2030 و پێویستییەکانی مسۆگەربوونی ئەم ئامانجە هەبووە.
پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بە سەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات، تاران و ڕیاز لەوەدا سەرکەوتوو بوون کە ئەم دەسکەوتە بپارێزن و سەرەڕای هەبوونی چەندین کێشەی مەترسیدار و ئەو گوشارانەی کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەبووە، هەنگاو بەرەو باشترکردنی پەیوەندییەکان بنێن./.