بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێویستە هەمیشە دڵنیابین لەوەی ئەو مادە خۆراکییانەی لە ماوەی نێوان بەربانگ و پارشێودا بە دەستی دەهێنین سوودی بۆمان دەبێت و وزەی پێویستمان پێدەبەخشێت کە یارمەتی جەستەمان بدات بۆ ئەوەی ڕۆژی دواتر بەڕۆژوو بین.
لێرەدا چەند جۆرە خواردنەوەیەک دەخەینە ڕوو، کە پسپۆڕانی بواری خۆراک پێشنیاری دەکەن وەک لە باشترین خواردنەوەکان کە سوودی بۆ ئەو کەسانە هەیە کە بەرۆژوون، لیستەکە بریتییە لە:
1 – ئاو، پارشێوان هیچ شتێک هێندەی پەرداخێک ئاو بەسوود نییە، بەو پێیەی پاشای خواردنەوەکانە، بەو پێیەی شێداری دەدات بە جەستە و وزەی پێدەبەخشێت و یارمەتی هەرسکردن دەدات.
2 – شیر و خورما، ئەمە یەکێکە لە باشترین خواردنەوەکان کە پێویستە لە کاتی نانی بەیانیدا دڵنیا بین لێی، دەتوانین چەند خورمایەک لە گەڵ کوپێک شیری بێ چەوریدا بخۆین و بۆ ماوەی نزیکەی ١٢ کاتژمێر وزە کۆبکەینەوە، ئاستی شەکری خوێن بە شێوەیەکی مامناوەند دەپارێزێت کە بە زۆری لە کاتی بەڕۆژووبووندا دادەبەزێت.
3 – شەربەتی قەیسی، یەکێکە لە شەربەتە بەناوبانگەکان، قەیسی دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵ و ڤیتامین A. هەروەها قەیسی مادەی ڕێتینۆلی تێدایە کە بە ئاسانی لە جەستەدا هەڵدەمژرێت و پرۆسەی هەرسکردن بەرز دەکاتەوە.
4 – لیمۆ و نەعنا، تێکەڵەیەک لە لیمۆ و ئاو و گەڵای نەعنا خواردنەوەیەکی زۆر بەسوودە کە دەتوانرێت لە بەربانگدا بخورێت خواردنەوەیەکی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی و ڕیشاڵ، هەروەها دەتوانیت کەوچکێک هەنگوین بخەیتە ناو تێکەڵەکەوە، کوپێک لەم شەربەتە بەسە بۆ ئەوەی وزەت پێبدات دوای ڕۆژێکی درێژ لە ڕۆژووگرتن.
5 – شیرمۆز، مۆز دەوڵەمەندە بە پۆتاسیۆم و ڕیشاڵ و ڤیتامین C و B6. دەتوانیت مۆزێک بۆ دوو مۆز لە گەڵ کوپێک شیری بێ چەوریدا تێکەڵبکەیت، بەربانگدا کوپێک لەم تێکەڵەیە بخۆیتەوە، وزەیەکی زۆرت پێدەبەخشێت و یارمەتیت دەدات بەرگەی ڕۆژوو بگرێت بۆ ڕۆژی دواتر./.