بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئانیس کالامار ڕایگەیاند کە هەوڵەکان بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە لە ڕێگای درووستکردنی بەندەرێکی کاتی یان دابەزینی ئاسمانی، پیشاندەری لاوازبوونی کۆمەڵگای جیهانییە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوان تەل ئەبیب و حەماس کە لە 7 ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە.
ناوبراو وتی: هیچ کەسێک بە بۆنەی ڕێگری لە ناردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە لێپێچینەوە لە ئیسرائیل ناکات.
کالامار وتی: کۆمەڵگای جیهانی دەبێت لێپێچینەوە لە ئیسرائیل بکات، ئێمە کارتێکی گوشارمان بۆ ڕاگرتنی ئەم هەموو پێشێلکارییە نییە، هەر بۆیە بیرۆکەی ناردنی هاوکارییەکان لە ڕێگای دەریا یان دابەزینی ئاسمانی، پیشاندەری لاوازبوونی کۆمەڵگای نێودەوڵەیییە و لە لایەکی دیکەوە درێژە بە ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل دەدەن کە ئەمە بابەتێکی قبووڵنەکراوە.
ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی وتی: بە هۆی پێداگری لە ناردنی دەریایی هاوکارییەکان و درووستکردنی بەندەری کاتی، پێشبینی دەکرێت کە ئەم شەڕەی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوام بێت.
وتیشی کە بۆ دەبێت ئێمە گرنگی بە بابەتێک بدەین کە دوو مانگ کاتی دەوێت؟ ئەمە نیگەرانی بە دوای خۆیدا دێنێت، زیاتر لە 30 هەزار کەس بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە گیانیان لە دەست داوە./.