بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر عەلی قەرەداغی لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ، وتی: پشتیوان بە خودا هێزی خۆڕاگری لە غەززە شکستی نەهێناوە و ناشکێت و لە ڕاستیدا ئێستا پێگەی ڕژێمی زایۆنیستی لە قۆناغی لاوازیدایە، من لە ڕووی هێزی سەربازییەوە ناڵێم، لە ڕووی هێزی مەعنەوی و لایەنی ئەخلاقییەوە دەڵێم.
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ داگیرکارانی زایۆنیستی لە سەرتاسەری جیهاندا ڕووخساری خۆیان ڕەش کردووە و ئەمەش هەواڵێکی خۆشە، من پێم وایە ئەمە سەرەتای کۆتاییە بۆ شارستانیەتی ستەمکاری ڕۆژئاوایی کە پشتیوانی لەم نادادپەروەرییە دەکات و هەموو شتێک پشتگوێ دەخات و هەموو جینۆسایدێک کە ڕوو دەدات وەک بەرگریکردن لە خۆی لە قەڵەم دەدات.
ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان وتی: هەڵسەنگاندنی ئێمە بۆ دۆخی مرۆیی لە غەززە زۆر زۆر ئازاربەخشە، لە هیچ مێژوویەکدا تەنانەت لە سەردەمانی مەغۆل و تاتاردا کارەساتی لەم جۆرەی کۆمەڵکوژی، کوشتن، لەناوچوون و برسێتی لە غەززە ڕوویان نەداوە.
دکتۆر عەلی قەرەداغی وتی: داوا لە برایانی وتارخوێن دەکەم کە وتاری ڕۆژی هەینی بۆ غەززە تەرخان بکەن و گوشار درووست بکەن بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشتیانە خۆپێشاندان و مانگرتنی گشتی سەرتاسەری ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی کە هێرش و دەسدرێژییەکانی سەر غەززە ڕابگیرێن./.