بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕاپۆرتێکدا کە بانکی جیهانی لەم دوایانەدا بڵاوی کردۆتەوە لێکدانەوەی کردووە لەسەر دۆخی گەشەی دیجیتاڵ لە هەموو جیهاندا.
لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا 217 وڵات و ناوچەی سەربەخۆی جیهان لە بواری یەکانەی دەوڵەتی ئێلکترۆنیکەوە ڕیزبەندی کراون. لەو ڕیزبەندییەدا ئێران لەسەر پلەی 73 جیهانی جێگیر بووە، لەسەر ئەو بنەمایە گەشەی دەوڵەتی ئێلکتڕۆنیک لە ئێراندا زیاترە لە 144 وڵاتی دیکە و کەمتریشە لە 72 وڵاتی دیکە.
ئەو وڵاتانەی کەوا لە بواری دەوڵەتی ئێلکتڕونیکەوە گەشە و پەری کەمتریان بووە لەچاو وڵاتی ئێراندا بریتین لە: ئەلجەزایر، میسر، کۆبا، هێند، عێراق، ئوردۆن، لوبنان، لیبیا و پاکستان.
ئەو وڵاتانەی کە بانتر لە وڵاتی ئێران جێگیر بوون بریتین لە: فەڕنسە، ئەڵمانیا، ژاپۆن، تورکیا، کوەیت، چین، قەتەر، ئەمریکا.
بەپێی هەمان ڕاپۆرت 79لەسەدی خەڵکی ئێران لە ئینتێرنێت کەڵک وەردەگرن و ئەو ڕێژەیە زۆر باڵاترە لە نێونجی جیهانی ، لە ئاستی جیهانیدا 66لەسەدی خەڵک لە ئینترنێت کەڵک وەردەگرن و هەروەها ڕادەی بەکار هێنانی ئینتێرنێت لە وڵاتی ئێراندا لە نێونجی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کە 76لەسەد ڕاگەیندرابوو، زیاترە.