بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قاسم ئەعرەجی لە میانەی بەشداریی لە بەرنامەی ” نصف دائره ” لە کەناڵی ” العهد ” وتی: من بوونی کەسانێک لە هەرێمی کوردستان کە بە پاسپۆرتی بیانی لە گەڵ مۆساد کار دەکەن ڕەتناکەمەوە، وەک چۆن کە ڕەنگە ئەو کەسانە بە پاسپۆرتی ئەورووپی، ئۆسترالی و ئەمریکی یان وڵاتانی دیکە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بوونیان هەبێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان دەسەڵاتی تەواوی بەو داوە کە هەر ناوچە و شوێنێک گومانی بوونی ئەندامانی مۆسادی لە سەرە، بپشکنێت.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق وتی کە دەمانەوێت زانیاری تەواوی لە سەر ئەو کەسانە کۆبکەینەوە.
ئەعرەجی سەبارەت بە داهاتووی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق وتی: حکومەتی عێراق بەرەو کۆتایی هێنان بە ئەرکی هێزە بیانییەکان هەنگاو دەنێت بەڵام دەبێت دەرفەتی پێویست بە حکومەت بدرێت و محەممەد شیاع سودانی خۆی چاودێری ئەم دۆسیەیە دەکات.
قاسم ئەعرەجی سەبارەت بە دۆخی کەمپی هۆلی سوریاش وتی: زیاتر لە 10 هەزار تیرۆریست لە 60 وڵاتی جیهانەوە لەو کەمپەدان کە 4 هەزار کەس لەوان عێراقین.
ناوبراو سەبارەت بە ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی بەغدا و تاران وتی کە ئەندامانی گرووپەکانی دژبەری ئێران لە سنورە هاوبەشەکان دوور خراونەتەوە.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سەبارەت بە تورکیاش وتی: لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردووەوە لێژنەیەک بۆ کاروباری ئەمنی لە نێوان بەغدا و ئەنکەرە پێکهاتووە و لە کۆبوونەوەی داهاتووی بەرپرسانی هەر دوو وڵاتیش ڕێکەوتنێک واژۆ دەکرێت کە کێشەکان چارەسەر دەکات./.