بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد سەیهود ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کاردانەوەی بەرامبەر بە دەستێوەردانەکانی باڵیۆزی ئەمریکا لەم وڵاتە ڕایگەیاندووە کە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان باڵیۆزخانەی ئەمریکا و قوتی هاووڵاتییەکی ئاساییدا نییە کە چاوەڕوانە مانگانە سەبەتەی خۆراکەکەی وەربگرێت، دیارە ئەمریکا بەرژەوەندییەکانی خۆیی لە هەموو بوارێکدا بە سەر عێراقدا سەپاندووە.
هەروەها سەباح عگێلی شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی، سەردان و چاوپێکەوتنەکانی ئەلینا ڕۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکای بە گوماناوی ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا ئاستی سەربازیی لە داگیرکاریدا تێپەڕاندووە و ڕووی هێناوەتە داگیرکاریی ئابوری.
ناوبراو پرسیاری ئەوەیکردووە کە بۆ فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەم جوڵە و دەستێوەردانانەی ڕۆمانۆسکی بێدەنگە و ڕایگەیاندووە کە لە سەر ئاستی سیاسی و جەماوەری داوا دەکرێت باڵیۆزی ئەمریکا کۆتایی بە جوڵە و دەستێوەردانەکانی بهێنێت.
عگێلی ڕایگەیاندووە کە دەبێت باڵیۆزی ئەمریکا کۆبوونەوەکانی لە گەڵ ئەو بەرپرسانەی کە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیش و کارەکەی ئەوەوە نییە، ڕابگرێت./.