بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژی شەممە 9 ی ئازاری 2024، محەممەد تەیب سەحرایی پارێزگاری کرماشان بە یاوەری شاندێک سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە لایەن ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجەوە پێشوازی لێکرا.
پاش کۆبوونەوەی نێوانیان، پارێزگارانی کرماشان و هەڵەبجە بەشدارییان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کرد.
محەممەد تەیب سەحرایی پارێزگاری کرماشان ڕایگەیاند کە سەردانەکەی پەیوەندی بە هاوکاری ئابوری، ئاوەدانکردنەوە، هاوکاری گومرکی و کشتووکاڵییەوە هەبووە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە لێژنەیەکی هاوبەش بۆ گەشەپێدان و بەدواداچوونی هاوکارییەکانی نێوان کرماشان و هەڵەبجە پێک دەهێندرێت کە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێکەوتنی هەر دوو لا دەکات.
هەروەها ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجەش لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وتی کە کۆبوونەوەکە پەیوەندی بە کردنەوەی دەروازەی سنوریی سازان، پەیوەندی نێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتووکاڵی هەڵەبجە و کرماشان و وەبەرهێنانی هاوبەشەوە هەبووە./.