بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنی کەناڵی سکای نیوز ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی دژی هەر هێرشێکە لە خاکەکەیەوە، یان هێرش بکرێتە سەر خاکەکەی، لە هەر لایەنێکەوە بێت، وێڕای ئەوەی کە حکومەتی عێراق گەیشتووەتە ئاسایش و سەقامگیری کە ڕۆڵی بەرچاوی لە ڕاگرتنی ئەم هێرشانەدا هەبووە.
ناوبراو وتی: عێراق هەوڵی پەیوەندییەکی زۆر باش لە گەڵ ئەمریکا دەدات نەک تەنیا لە بواری سەربازی، بەڵکوو لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، بازرگانی، دیپلۆماسی، زانستی و ڕۆشنبیری و حکومەتی بەغداش کار لە سەر ڕێکەوتنێک دەکات سەبارەت بە داهاتووی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەم وڵاتە.
لەتیف ڕەشید سەبارەت بە شەڕی غەززە وتی: ئێش و ئازارەکانی گەلی فەڵەستین زیاتر لەوەیە کە بە پێوەرەکانی مافی مرۆڤ قبووڵکراو بێت و ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەرکێکی گرنگی بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی بەردەوام و چارەسەرکردنی هەمیشەیی پرسی فەڵەستین لە ڕێگای ژیانی دانیشتووانەکەی لە خاکی خۆیاندا کەوتووەتە ئەستۆ.
سەرۆک کۆماری عێراق جەختی لە سەر هەڵوێستی نەگۆڕی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین و ڕاگەیاندنی وڵاتی سەربەخۆی ئەوان و بە فەرمی ناسینی لە لایە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە کردەوە.
ناوبراو سەبارەت بە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە سەر پرسی فەڵەستین وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتاوە پشتیوانی گەلی فەڵەستین بووە و لە ئیدانەکردنی هێرشەکانی سەر غەززە و دژایەتی ڕژێمی زایۆنیستی زۆر ڕاشکاوانە بووە./.