بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پەیامنێری کاروباری سەربازیی کەناڵی 13 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە سوپای داگیرکاری ئەو ڕژێمە لە بەرەی باشوری غەززە وەک بەرەی باکور تووشی کێشەی جیدی بووەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە سوپای داگیرکاری زایۆنیستی سەرجەم هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی یەحیا سنوار سەرۆکی حەماس بەکارهێناوە و هێشتا بەم ئامانجە نەگەیشتووە و بەدەر لە دەستدانی چەک و تەقەمەنییەکی زۆر، توانای سەربازی و ڕەوایەتی نێودەوڵەتیشی دابەزیوە.
هەروەها شرۆڤەکارێکی سیاسی ڕادیۆ دراکر بە ئاماژە بە بێ ئەنجامبوونی پلانە سێ قۆناغییەکەی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی غەززە، ڕایگەیاندووە کە سێ مانگە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خان یونس بە بێ مسۆگەربوونی سەرکەوتنێک بەردەوامە.
لە هەفتەکانی ڕابردوو، ڕێژەی شکستەکانی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی هێندە بووە کە بە پێی ڕاگەیاندنی ڕۆژنامەی هائارێتس، شەڕی وشکانی لە دژی حەماس تا ڕادەیەکی زۆر بە بنبەست گەیشتووە و هێزی سەربازیی پێویست بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆن لە کەمپەکانی ناوەڕاست و ڕەفەح نییە و لە لایەکی دیکەوە ئاسۆیەکی ڕوون بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنی ئاگربەست بوونی نییە، هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت کە سوپا لە ئۆپەراسیۆنەکان و شەڕی وشکانی بە دەستی بەتاڵ بگەڕێتەوە.
شرۆڤەکاری سەربازیی ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحارۆنۆت بە ناوی ڕونین برگمەن یەکێکی دیکە لەو کەسانە بووە کە سەبارەت بە شەڕی غەززە بۆچوونی خۆیی ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە کە لەناوبردنی حەماس و ئازادکردنی دیلەکان لە یەک کاتدا لە غەززە ڕوو نادات و تەنیا دەکرێت دیلەکان ئازاد بکرێن، ئەویش نەک لە ڕێگای سەربازییەوە، بەڵکوو بە ڕێکەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان./.