بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان وتی: پێشنیارمان کردووە گومرک لە سەر هاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو هەڵبگیرێت و ڕێگری بکرێت لە هەناردەکردنی ئاژەڵی زیندوو و خۆماڵی لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق.
ناوبراو وتی: بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور بەشێکی پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە جیهاندا و بەشێکی دیکەی پەیوەستە بەوەی ئێران هەناردەکردنی ئاژەڵی لە سنورەکانیەوە قەدەغە کردووە، چ ڕاستەوخۆ بێت یان ترانزێت، لە بەر ئەوە نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی عێراق لە 25 هەزار دینار زیاترە و لە هەرێمی کوردستانیش 20 هەزار دینارە.
سەرۆکی گشتی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان هەروەها وتی: جێی دەستخۆشییە وەزارەتی بازرگانی لە گەڵ وەزارەتی کشتووکاڵ چەند پێشنیارێکیان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران و ئاسانکاری تەواویان بۆ هاوردەکاران کردووە، ئەوەیش لە ڕێگای کەمکردنەوەی ڕۆتین و ماوەی هاوردەکردنی بە پێی مەرجە تەندرووستییەکان و پشتیوان بە خودای گەورە تا چەند ڕۆژی داهاتوو ئەنجامەکەی دەبینین./.