بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسین ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی سێ شەممە 5 ی ئازاری 2024 لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاریکاری وڵاتانی ئیسلامی کە لە وڵاتی سعوودیە بەڕێوەچوو، وتی: لە کاتێکدا کە جارێکی دیکە لاوازبوونی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە کۆتایی هێنان بە کۆنترین و تاڵترین قەیرانی مرۆیی مێژووی هاوچەرخ دەبینین، یەکڕیزی و هەڵوێست و کرداری هاوبەشی وڵاتانی ئیسلامی بۆ پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین و هاوکاریکردنی ئەوان بۆ دەربازبوون لەم دۆخە بە پێویست دادەنرێت.
ناوبراو وتی: بەردەوامی کۆمەڵکوژی و دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە و فەڵەستین بە گشتی، بەرەو کارەساتێکی بێ وێنە دەڕوات و ڕێگریی ئاشکرا و بەئەنقەستی ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و بەردەوامیدان بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەو وڵاتە هاوبەشی تاوانەکانی زایۆنیستەکانە و فرمێسکی تیمساحی و هەندێک هەڵوێستی بە ڕواڵەت مرۆڤدۆستانە ڕاستییەکان ناگۆڕێت.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: بەرپرسانی باڵای ئەمریکا گڵۆپی سەوزیان بۆ ڕژێمی زایۆنیستی هەڵکردووە تا هێرش بکاتە سەر شارۆچکەی ڕەفەح.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: بێگومان هەر هاوکارییەکی ئابوری لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی یان هاوکاری سەربازی و سیاسی، بە واتای هاوکاری و هاوبەشی کردارییە لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی گەلی فەڵەستین و ئێمە وەک کۆماری ئیسلامی ئێران جەخت لە سەر پچڕانی تەواوی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی داگیرکار و بایکۆتی بەربڵاوی کاڵا و بەرهەمی کۆمپانیاکانی ئەو ڕژێمە دەکەینەوە.
ناوبراو وتی: دەبێت هەڵوێستێکی بەهێز و کاریگەری ئیسلامی لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی هەبێت تا ڕێگری لە بەردەوامبوونی تاوانەکانی ئەو ڕژێمە لە دژی گەلی فەڵەستین بکرێت./.