بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی گومرکی ئێراندا هاتووە: لە کۆی گشتی بازرگانی دەرەکی ئێران لە 11 مانگی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی، 136 ملیۆن و 64 هەزار تەن کاڵا بە بەهای 88 ملیار و 441 ملیۆن دۆلار لە گەڵ 10 هاوبەشی بازرگانی ئاڵوگۆڕ کراوە.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە، 10 هاوبەشی یەکەمی بازرگانیی ئێران بریتین لە چین، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، تورکیا، عێراق، هیندستان، پاکستان، ڕووسیا، عۆمان، ئەڵمانیا و ئەفغانستان کە لە سەدا 84 ی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران لە گەڵ ئەم 10 وڵاتە بووە.
گومرکی ئێران ڕایگەیاندووە کە لەو نێو ئەو 10 وڵاتەشدا، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران لە گەڵ وڵاتانی چین، ئیمارات، پاکستان، ڕووسیا، عۆمان و ئەفغانستان لە ڕووی کێش و بەهاوە بەرزبوونەوەی هەبووە.
هەر بە پێی ڕاپۆرتەکە، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران لە گەڵ وڵاتانی تورکیا و عێراق لە ڕووی کێش و بەهاوە لە 11 مانگی ڕابردووی ئەمساڵی کۆچی هەتاوی دابەزیوە. ئاڵوگۆڕەکانیش لە گەڵ تورکیا لە ڕووی بەهاوە لە سەدا 15 و لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 30 دابەزینی هەبووە و لە گەڵ عێراقیش لە ڕووی بەهاوە لە سەدا 5 و لە ڕووی کێشەوە لە سەدا یەک دابەزیوە.
گومرکی ئێران لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ وڵاتی ئەڵمانیا لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 46 دابەزیوە و لە ڕووی بەهاوە لە سەدا 9 بەرز بووەتەوە. هەر لەم ماوەیەدا ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و هیندستان لە ڕووی بەهاوە لە سەدا 16 دابەزیوە و لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 20 بەرزبووەتەوە.
لە 11 مانگی ڕابردوو لە نێو 10 وڵاتی هاوبەشی یەکەمی بازرگانیی ئێران، زیاترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ڕووی بەها و کێشەوە پەیوەندی بە ڕووسیاوە بووە کە لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 54 و لە ڕووی بەهاوە لە سەدا 24 بەرزبوونەوەی هەبووە.
شیاوی ئاماژەیە کە لە نێو ئەو 10 وڵاتە هاوبەشانەی بازرگانیی ئێران، 7 وڵاتی دراوسێ و تەنیا یەک وڵات لە کیشوەری ئەورووپا بووە./.