بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعدوڵڵا زارعی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەر دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی و ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری لە ئێران، وتی: 25 ملیۆن بەشداربووی هەڵبژاردنەکەی هەینی ڕابردوو، 25 ملیۆن مرۆڤە کە بە ووشیاری و ئاگاداری لە پێویستی ئێستای وڵات، ئیرادەی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی ئێران، بە بێ ئەوەی کە ئەم بەشدارییە بەرژەوەندییەکی مادیی بۆ ئەوان هەبێت یان ئەوەی کە بەشدارنەبوونیان ببێتە کێشەیەک بۆیان، ڕوویان لە سندۆقەکانی دەنگدان کرد و ئەو 25 ملیۆن بەشداربووەی هەڵبژاردنەکەی ئێرانیش زیاترە لە ژمارەی دانیشتووانی چەند وڵاتێکی ناوچەکە، بە واتایەکی دیکە حەشیمەتێکی زۆر بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە.
ناوبراو وتی: ئامادەبوون و بەشداری لە هەڵبژاردنی وڵاتێکی خاوەن دیمۆکراسی بە زۆر و گوشارەوە نییە، وەک ئاماژە درا لە هەڵبژاردنەکەی هەینی ڕابردوو لە ئێران 25 ملیۆن کەس بەشدارییان کرد و هەمووان دەزانن کە ئەو خەڵکە وەک پشتیوانییەک لە وڵات و دەسەڵات ئەو کارەیان کردووە، لە ڕاستیدا ئەوان ئامادەن بۆ پاراستنی وڵاتی خۆیان هەر تێچوویەک بدەن و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەیە.
زارعی وتی: لە جیهاندا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە ڕێژەی بەشداریی لە سەدا 40 و تەنانەت کەمتر بووەتە بابەتێکی قبووڵکراو. مەگەر لە وڵاتانی ئەورووپیدا ڕێژەی بەشداری چەندە؟ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چەندە؟
وتیشی کە کام لە لایەنەکانی دژبەری شۆڕش دەتوانن تەنیا لە سەدا 10 بەشداربووانی هەڵبژاردنەکەی ئێران لە دەوری خۆیان وەک لایەنگر کۆبکەنەوە؟ ئەو خەڵکە 45 ساڵە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا ماونەتەوە، کام لایەن دەتوانێت لە سەدا 10 ی ئەو 25 ملیۆن بەشداربووە ئەویش نە بۆ 45 ساڵ بەڵکوو بۆ ماوەیەکی زۆر کەم لە گەڵ خۆیدا بهێڵێتەوە؟/.