بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر ئازاد مستەفا لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە سەردانی تیمە پزیشکییەکەی ئێران بۆ هەڵەبجە، وتی: هاتنی ئەم تیمە پزیشکییە لە چوارچێوەی بەدواداچوون و چاودێریکردنی ڕەوشی تەندرووستی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی کراوە و بۆ ئەوەیە کە لە ڕەوشی تەندرووستییان ئاگادار بین.
ناوبراو وتی: ئەم دکتۆرانە باشترینن لە کۆماری ئیسلامی ئێران و ساڵەهایە نەخۆشەکان هەموو تەقەلایەکیان ئەوە بووە کە سەردانی ئەو دکتۆرانە لە تاران بکەن. ئێستا کەو ئەو دکتۆرانە هاتوونەتە هەڵەبجە، خزمەتێکە بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی و پیشاندەری مرۆڤدۆستی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
بەڕێوەبەری گشتی تەندرووستی پارێزگای هەڵەبجە لە درێژەدا وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا 250 کەسی وەک بەرکەوتەی چەکی کیمیایی ناساندووە کە مووچە وەردەگرن (هەرچەندە مووچەکەیان لە ئێستادا ڕاگیراوە) بەڵام ژمارەی ئەو کەسانە زیاتر لەوەیە و بەردەوام سەردانی نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە دەکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
دکتۆر ئازاد مستەفا وتی: ئەو تیمە پزیشکییە ئێرانییە کە سەردانی هەڵەبجەیان کردووە لە گەڵ خۆیان یەک ئۆتۆمبێل دەرمانی پەیوەندیدار بە چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیاییان هێناوە، ئەو دەرمانانەش لە بازاڕدا نییە و وەک دیارییەک لە لایەن ئەم وڵاتەوە هێنراوەتە هەڵەبجە.
چاوپێکەوتن: هاودەنگ محەممەد