بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر مەروی لە چاوپێکەوتنی پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە هاتنی تیمە پزیشکییە ئێرانییەکە بۆ شاری هەڵەبجە، وتی: 36 ساڵ بەر لە ئێستا خەڵکی زوڵملێکراوی هەڵەبجە لە لایەن ڕژێمی دیکتاتۆری ئەو کاتەوە بە چەکی کیمیایی بۆردومان کران و هەر لەو کاتەدا ئێرانییەکان هاوکارییەکانیان بۆ ئەم خەڵک دەستپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە.
ناوبراو وتی: تیمێکی پزیشکی کە لە بەناوبانگترین پزیشکانی ئێرانی پێکهاتوون، لە بواری چاو و سییەکان لە ڕیزی یەکەمین پزیشکانی لێهاتوو و پسپۆڕی ئێراندان، بە واتایەکی دیکە پزیشکانی ژمارە یەکی ئێرانن، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ئەم پزیشکانە هاتوونەتە هەڵەبجە و تەنانەت کەرەستەی پزیشکی و دەرمانی تایبەتیان لە گەڵ خۆیان هێناوە.
دکتۆر مەروی وتی: بە پێویستی دەزانم دەستخۆشی لە بەرپرسانی ئێران و هەرێمی کوردستان، بە تایبەت بەرپرسانی کەرتی تەندرووستی و هاوکارەکانی خۆمان لە نەخۆشخانەی هەڵەبجە بکەم، هەروەها دەستخۆشی لە خەڵکی ئازیز و میواندۆستی هەڵەبجە دەکەم، ئێمە خەڵکی هەڵەبجە بە باوک و دایک و برا و خوشکی خۆمان دەزانین، مایەی شانازییە بۆ ئێمە کە خزمەت بەم خەڵکە ئازیزە دەکەین.
ئەو پزیشکە ئێرانییە لە درێژەدا وتی: لە کاتی کیمیابارانەکەی سەردەشتەوە تا ئێستا پزیشکانی ئێرانی لە سەر ئەم بابەتە ئیشیان کردووە و لە ئاستی جیهانیدا خاوەن پێگەن، هەندێک لە نەخۆشەکانی هەڵەبجە پێویستیان بە نەشتەرگەری لە دەرەوەی هەرێمدا هەیە، ئەڵبەت هەندێک لە دەرمانەکانی ئەوان چ لە عێراق و چ لە ئێرانیش دەگمەنن و بە سەختی دابین دەکرێن، هەرچەندە کۆمپانیا زانست بنەماکان هەوڵ دەدەن بە کەرەستەی پێویست بگەن کە لە داهاتوودا کەمتر نەخۆش و بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی پێویستیان بە دەرمانەکان بێت.
دکتۆر مەروی وتی: نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی کیمیایی هەڵەبجە دۆخی باشتر بووە و پێویستی بە نوێکردنەوەی کەرەستە پزیشکییەکان هەیە، هەروەها تیمێکی پزیشکیی لێهاتوو لێرە هەیە بەڵام لە هەر شوێنێک پێویست بە فێرکاری و ڕاهێنانی نوێ هەیە، لە ئێران لە سەرجەم نەخۆشخانەکاندا خولی فێرکاری لە بوارە جیاجیاکاندا دەکرێتەوە و ئەمەش بۆ هەموو پزیشکێکە کە دەبێت ئاستی زانست و توانای خۆی بەرز بکاتەوە.
وتیشی کە کاروباری پزیشکی لە ڕووی مرۆییەوە زۆر گرنگە و هیچ کات ئێمەی ئێرانی ئەمەمان تێکەڵ بە بابەتە سیاسییەکان نەکردووە.
چاوپێکەوتن: هاودەنگ محەممەد