بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیس سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ عەبدولمەجید تەبون سەرۆک کۆماری جەزائیر، وێڕای پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی حەوتەمین کۆڕبەندی وڵاتانی هەناردەکاری غاز بە حکومەتی ئەم وڵاتە، پەیوەندییەکانی ئێران و جەزائیری زیاتر لە پەیوەندییەکی سیاسی و بە پێی هاوبەشییە ئائینی و کەلتوری و شارستانییەکان ناو برد.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بە ئاماژە بە هەڵوێستی هاوبەشی سیاسی ئێران و جەزائیر بە تایبەت بۆ بەرگری لە مافەکانی گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین و دژایەتی داگیرکاریی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: ئەوەی کە ئەمڕۆ لە غەززەدا دەگوزەرێت، کۆمەڵکوژی و تاوانی شەڕە و ڕیشەی ئەم تاوانەش بۆ مێژووی 75 ساڵەی داگیرکاری زایۆنیستەکان دەگەڕێتەوە.
ناوبراو ڕەخنەی لە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی هەندێک وڵاتی ئیسلامی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی گرت و وتی: پچڕانی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکان لە گەڵ ئەو ڕژێمە دەتوانێت ڕێگری لە تاوانەکانی بکات.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لە سەرکەوتنی کۆتایی گەلی فەڵەستین و شکستی زایۆنیستەکان کردەوە و وتی: بەرگری لە گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین بنەمایەکی سەرەکییە لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕێگاچارەی مسۆگەرکردنی مافی ئەم گەلەش، گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک بە موسڵمان و مەسیحی و جولەکەیە./.









