بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی دوانیوەڕۆی شەممە 2 ی ئازاری 2024 لە وڵاتی جەزائیر لە گەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری قەتەر کۆبووە.
لەو کۆبوونەوەدا وێڕای تاوتوێکردنی دۆخی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات، جەخت لە سەر خێراترکردنی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە هاوبەشەکان لە پێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان کرایەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەدا بە ئاماژە بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە، وێڕای ڕەخنەی لە بێ هەڵوێستی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئیسلامی لە بەرامبەر تاوانی زایۆنیستەکان، وتی: لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نائاسایی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە ڕیاز تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداریی کاریگەر لە پێناو ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە هەڵنەگیراوە و پەیوەندییە ئابورییەکانی ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوامە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: لە کاتێکدا کە ئەمڕۆ گەلی موسڵمانی فەڵەستین چاوەڕوانی هەنگاوێکی کرداری و کاریگەری وڵاتانی ئیسلامی دەکەن، دەبێت بزانین کە ژمارەیەک لەو وڵاتانە بە هۆی بێ هەڵوێستییان لە بەرامبەر ئەم پرسە گرنگە، چ وەڵامێکیان بۆ گەلانی خۆیان هەیە؟
شێخ تەمیم بن حەمەد ئالی سانی میری قەتەریش لەو کۆبوونەوەدا بە ئاماژە بەوەی کە پەیوەندییەکانی نێوان دەوحە و تاران لە باشترین دۆخی خۆیدایە، وتی کە ئەم ئاستەی پەیوەندییەکان مایەی شانازیی حکومەتی قەتەرە./.