بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئۆسامە حەمدان لە سەرکردە باڵاکانی بزوتنەوەی حەماس سەبارەت بە دانوستانەکانی تایبەت بە ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی دیلەکان ڕایگەیاند: لە ئێستادا دانوستانەکان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی دیلەکان ئێمە بەرەو ئاراستەیەکی نادرووست دەبات، ئێمە لە ئێستادا جەخت لە سەر ڕاگرتنی هەمیشەیی هێرش و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر کەرتی غەززە، کشانەوەی هێزەکانی سوپای داگیرکاری زایۆنیستی لە غەززە، کۆتایی هێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەم ناوچەیە و گەڕانەوەی ئاوارەکانی فەڵەستینی بۆ ماڵەکانی خۆیان و هەروەها گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەکەینەوە.
زایۆنیستەکان هەوڵی کڕینی کاتی زیاتر دەدەن
ئۆسامە حەمدان لە وتووێژی لە گەڵ کەناڵی جزیرەی قەتەر، وتی: زایۆنیستەکان بەردەوام ئاستەنگ دەخەنە بەردەم ڕەوتی دانوستانەکان و هەوڵی کڕینی کاتی زیاتر دەدەن و فەڵسەفەی ئەوان لەم ڕێگایەدا دەستەبەرکردنی بەردەوامی دەسدرێژییەکان لە کەرتی غەززەیە. کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە ڕژێمی زایۆنیستی نایەوێت دەسدرێژی و داگیرکاری خۆی لە غەززە ڕابگرێت و هەوڵ دەدات کە ئەم دەسدرێژییە بەردەوام بێت.
ناوبراو وتی: نە ئێمە و نە خەڵکەکەمان هیچ کات بەردەوامی دەسدرێژییەکان قبووڵ ناکەین و ئەگەر ڕژێمی زایۆنیستی نەیەوێت دەسدرێژییەکانی ڕابگرێت من پێم وایە کە ئاسۆیەکی جیدی بۆ سەرکەوتن لە دانوستانەکاندا بوونی نابێت. لە ڕاستیدا دانوستانەکان نابێت بۆ داواکارییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بەڕێوە بچێت، بەڵکوو ئامانج لە هەر دانوستانێک دەبێت کۆتایی هێنان بە هێرش و دەسدرێژییەکان لە دژی گەلی فەڵەستین، گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە، کۆتایی گەمارۆکان و دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوەی ئەم ناوچەیە بێت.
ئەمریکا هاوبەشی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە نەک نێوەندگێڕی دانوستانەکان
ئۆسامە حەمدان سەبارەت بە هەڵوێست و جموجوڵەکانی ئەمریکییەکان لە سەر دۆخی غەززە، وتی: حکومەتی ئەمریکا هەوڵی گوشارخستنە سەر لایەنەکانی فەڵەستین دەدات و وا هەڵسووکەوت دەکات کە لایەنی فەڵەستینی بەربەست دەخاتە بەردەم دانوستانەکان. بە واتایەکی دیکە ئەمریکا و جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بە هیچ شێوازێک ڕۆڵی نێوەندگێڕیان لە دانوستانەکاندا نییە، بەڵکوو هاوبەشی تاوانەکانی زایۆنیستەکانن لە دژی غەززە و هەوڵی مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەدەن.
ئەو سەرکردەیەی حەماس لە درێژەدا وتی: بە بۆچوونی من ڕاگرتنی دەسدرێژییەکان لە دژی غەززە پێویستی بە ڕۆژێکی تایبەت نییە بەڵکوو ئەگەر بایدن بڕیاری ڕاگرتنی پشتیوانییە سیاسی، سەربازی و داراییەکانی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی بدات ئەم دەسدرێژییانەی زایۆنیستەکان ڕادەگیرێت و بەم هۆیەوە دەبینین کە هێرش و دەسدرێژییەکان بەردەوام دەبێت. بایدن وەک بانگەشەی هەڵبژاردنەکان ئەم پرسە بە کار دێنێت.
حەمدان وتی: ڕەنگە ئەمریکییەکان خوێندنەوەیەکی دیکەیان هەبێت کە ڕژێمی زایۆنیستی توانای لەناوبردنی خۆڕاگریی هەیە بەڵام ئەمڕۆ بەوە گەیشتوون کە ئەو ئامانجە بە هیچ شێوازێک مسۆگەر نابێت، لە بەر ئەوەی کە خۆڕاگری بە تەنیا گرووپێکی تایبەت لە فەڵەستین نییە بەڵکوو خۆڕاگری تەواوی گەلی فەڵەستینە و کەس ناتوانێت ئەو خەڵکەی کە 75 ساڵە لە بەرامبەر داگیرکاریدا وەستاون و سەرەڕای ئەو هەموو ئێش و ئازارە بەردەوام پابەندی خاک و ئامانجەکانی خۆیانن، ڕوبەڕوی شکست بکاتەوە.
حزبوڵڵای لوبنان ڕۆڵێکی گرنگی لە پشتیوانیکردنی فەڵەستیندا هەبووە
ئەو سەرکردە باڵایەی حەماس سەبارەت بە رۆڵی حزبوڵڵای لوبنان لە پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا لە بەرامبەر دوژمنی زایۆنیستی، وتی: بەرەی باشوری لوبنان ڕۆڵێکی گرنگی لە پشتیوانیکردنی خۆڕاگری فەڵەستیندا هەبووە و حزبوڵڵا لەم پێناوەدا شەهیدێکی زۆری داوە و گیانفیداییەکی زۆر کراوە. ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی هەڵگیرسانی شەڕی لە لوبنان دەدا بەڵام توانای نەبوو و گوشارەکانی بەرەی باشوری لوبنان وایکردووە زایۆنیستەکان ملکەچی بڕیاری ئاگربەست بن. ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە دوژمنی زایۆنیستی ناتوانێت هێرشی بەربڵاو بکاتە سەر لوبنان و دەزانێت کە وەها هێرشێک کاردانەوەی توندی حزبوڵڵای بە دواوە دەبێت.
وتیشی کە هەمووان دەبێت بزانن کە خۆڕاگری لە فەڵەستین و لوبنان هەوڵی شەڕ نادەن بەڵکوو ئەوەی خۆڕاگری دەیکات کاردانەوەیەکی ئاساییە لە بەرامبەر دەسدرێژی و داگیرکاریی زایۆنیستەکان.
ئەمریکا لە بەرامبەر یەمەن شکستی هێناوە
ئۆسامە حەمدان سەبارەت بە یەمەنییەکان و بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا لە پشتیوانیکردنی خەڵکی غەززە، وتی: برایانی ئێمە لە یەمەن هەوڵێکی کاریگەر و گرنگیان لە ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستیدا هەبووە و هاوکێشەیەکیان داڕشت بە ئامانجی هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە کە هەر کەشتییەک ئامانجی بەندەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بێت پارێزراو نابێت. ئەمریکاش هەوڵی کۆدەنگی نێودەوڵەتیی لە دژی یەمەن دەدا کە وەک هەمیشە شکستی هێنا./.