بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە چاوپێکەوتنی کەناڵی 4 ی بەریتانیا وتی: ئەگەر ڕیفراندۆمێک لە سەر پشتیوانی خەڵک لە دەسەڵات، هاوکات لە ئێران و بەریتانیا بەڕێوە بچێت، گومان لەوەدا نییە کە لەو ڕیفراندۆمەدا بەریتانیا دۆڕاو دەبێت.
پێشکەشکاری کەناڵە بەریتانییەکە بە بیانووی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئێران بانگەشەی ئەوەیکرد کە لە سەدا 75 ی خەڵک متمانەیان بە دەسەڵات نییە. وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامدا وتی: سەرەتا ئەم لە سەدا 75 ەتان لە کوێ هێناوە کە وەها بانگەشەیەک دەکەن، دووەم ئەوەی کە ئێمە لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران تا ئێستا هەر ساڵێک لانیکەم هەڵبژاردنێکی ئازادمان بە بەشداری خەڵک هەبووە. سێهەم ئەوەی کە ئێمە لە ئێران هانی خەڵک دەدەین بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بەڵام ئەوەش بەشداری ناکات سزا نادرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپی ئەو کەسەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا ناکات لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ڕوبەڕوی هەندێک کێشە دەبێتەوە یان سزای دارایی بەسەردا دەسەپێندرێت.
ناوبراو وتی: بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئێران لە ئاستێکی باڵادایە و لە ناوچەکە یەکێک لە بەهێزترین دیمۆکراسییەکان لە ئێراندایە. سەبارەت بە ئاژاوەگێڕییەکانی ڕابردووش، من لە وتارەکەم لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەم بەوەدا کە بە هۆی گیان لە دەستدانی کچێکی ئازیزی ئێرانی ئەو هەموو جەنجاڵەیان لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ کرد و لێژنەی لێکۆڵینەوەی ڕاستییەکانیان پێکهێنا بەڵام بە تێپەڕبوونی 5 مانگ بە سەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە و ئەو هەموو کۆمەڵکوژییەی بەرامبەر بە خەڵکە بێ تاوانەکەی دەکرێت کە زۆربەشی بە چەکی ئەمریکی و بەریتانییە، هیچ کەس و لایەنێک لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤ داوای لێژنەی لێکۆڵینەوەی نەکردووە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە ئەمە هەمان مافی مرۆڤ و دیمۆکراسی ڕۆژئاوایە بە ستانداردە جیاوازەکان کە بەردەوام بینراوە./.