بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاوکات لە گەڵ زیادبوونی تێچووە سەربازییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی شەڕی غەززەوە، ئێلی ڕوتنبرگ ژمێریاری گشتی لە وەزارەتی دارایی ئەو ڕژێمە ڕایگەیاندووە کە تەل ئەبیب هەوڵ دەدات لەمساڵ 60 ملیار دۆلار قەرز بکات و بەدەر لە بەرزکردنەوەی ڕێژەی باجەکان، ڕێگری لە دامەزراندنی حکومیش بگرێت.
شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی دژ بە دانیشتووانی کەرتی غەززە کە پێی ناوەتە پێنجەم مانگی خۆی، زیانێکی زۆری بە کەرتی ئابوری ئەو ڕژێمە گەیاندووە.
کێشە ئابوری و داراییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی کاتێک زیاتر بوو کە بەرپرسانی ئەو ڕژێمە نزیکەی 300 هەزار سەربازی یەدەکیان لە گەڵ 200 هەزار سەربازی ئاسایی دیکە هێنایە بەرەکانی شەڕ و دەیان هەزار شارۆچکەنشینیش لە سنورەکانی لوبنان و هەروەها لە نزیک کەرتی غەززە ئاوارە بوون.
وەزارەتی دارایی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە تێچووە سەربازییەکان بە ڕێژەی لە سەدا 20 ی بودجەی ساڵی 2024 زیادی کردووە./.