بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی وتارێکی لە پەنجا و پێنجەمین دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی بڕوا و پیرۆزییە نیشتمانی و ئیسلامییەکان، لە پابەندبوون و ڕێزلێنان بە مافی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆڤ بەردەوامە، بەداخەوە کە مسۆگەربوونی ئامانجە باڵاکانی مافی مرۆڤ لە بواری نێودەوڵەتی ڕوبەڕوی چەندین کێشەی گرنگ بووەتەوە کە بەپەلەترینی ئەوانەش کۆمەڵکوژی ڕێکخراو و بەربڵاوە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە لە فەڵەستین.
ناوبراو وتی: دەبێت قبووڵ بکەین کە جیهان لە بەردەم شەرمەزارترین قەیرانی ئەخلاقی و مرۆییدایە کە دەرەنجامی 80 ساڵ پاڵپشتی هەمەلایەنەی وڵاتانی ڕۆژئاوایە لە داگیرکاری و چەوساندنەوەی گەلی فەڵەستین لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە کە بەردەوام مافی چارەی خۆنووسینی ئەو گەلەی پێشێلکردووە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: تەنیا لە 140 ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە سەد هەزار مرۆڤ لە غەززە و کەرتی خۆرئاوا کوژراون، برینداربوون یان لە ژێر ماڵە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە و بە سەدان هەزاری دیکەش ڕوبەڕوی مەرگ و برسێتی و نەخۆشییەکان بوونەتەوە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: با لەم دانیشتنە گرنگەدا بڕیار بدەین و نەهێڵین کە کۆمەڵکوژی و تاوانی دژە مرۆیی ببێتە رۆتینێکی ئاسایی لە جیهان. ئەمڕۆ جیهان دەبینێت کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی چۆن پشتیوانی لە کۆمەڵکوژی فەڵەستینییەکان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە دەکەن.
ناوبراو وتی: بێگومان سزانەدانی سەرکردەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ماوەی 8 دەیەی ڕابردوو هۆکاری سەرەی درێژەدان و پەرەسەندنی داگیرکاری و کوشتاری خەڵک لە لایەن ئەو ڕژێمەوە بووە و جەخت لەوە دەکەینەوە کە دادگاییکردن و سزادانی تاوانباران و سەرکردەکانی تەل ئەبیب دەبێت بخرێتە چوارچێوەی کاری دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بە تایبەت دیوانی دادی نێودەوڵەتی./.