بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتی: ئەمریکا و بەریتانیا جارێکی دیکە ئەوەیان سەلماند کە بە تەواوی لایەنگر و پشتیوانی تاوان و کۆمەڵکوژیی ڕژێمی زایۆنیستین لە کەرتی غەززە و کەرتی خۆرئاوا و بە لایانەوە بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕژێمە داگیرکارە لە هەر بابەتێکی دیکە گرنگترە و بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی زایۆنیستەکان هەموو بنەما ئەخلاقی و یاسایی و نێودەوڵەتییەکان تەنانەت میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکەن.
ناوبراو وتی: ئەمریکا و بەریتانیا بەم جۆرە هێرشانە هەوڵی بەردەوامیدان بە قەیران و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی شەڕ و ناسەقامگیری دەدەن بە ئامانجی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ بەردەوامیدان بەو تاوان و کۆمەڵکوژییەی زایۆنیستەکان.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەمریکا و بەریتانیا لە جێی هەنگاوی کاریگەر و بەپەلە بۆ لەناوبردنی هۆکاری سەرەکی ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییەکان کە هەمان شەڕەنگێزی ڕژێمی زایۆنیستی و کوشتاری ڕۆژانە سەدان کەس لە گەلی فەڵەستین بە تایبەت ژنان و منداڵانە، پەنا دەبەنە هێرشی سەربازی بۆ سەر وڵاتێک کە هەوڵ دەدات بە جۆرێک ئەم ڕژێمە منداڵکوژە ڕوبەڕوی گوشار بکاتەوە تا واز لە کوشتاری فەڵەستینییەکان بێنێت.
کەنعانی وتی: بە دڵنیاییەوە کە هێرش و دەسدرێژییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بەدەر لە پەرەسەندنی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە هیچ دەسکەوتێکی بۆ ئەو وڵاتانە نابێت./.