بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران سەبارەت بە دوانزەیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران، وتی: دوژمنان هیچ کات واز لە ئاژاوەگێڕی و پیلانگێڕی لە دژی موسڵمانان ناهێنن، ئەمڕۆ تاوانی زایۆنیستەکان بە پشتیوانی ئەمریکا لە فەڵەستین دەبینین، ئەوان دەیانەوێت بە کوشتنی منداڵان، ژنان و خەڵکی بێ تاوان بۆ خۆیان سەرکەوتن مسۆگەر بکەن بەڵام خەڵکی غەززە بەهێزی خۆڕاگری و یەکڕیزییەوە ڕایانگەیاند کە پێکەوەبوون لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بوونی نابێت. ئێمە بڕوامان بە سەرکەوتنی ئەم ئازیزانە هەیە و دەزانین کە خۆڕاگری لەم شەڕە نایەکسانەدا سەرکەوتووانە دێتە دەرەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە ئامادەبوونی گەلی ئێران بۆ خوڵقاندنی حەماسەتێکی نوێی سیاسی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی پەرلەماندا وتی: دوژمنان هەوڵ دەدەن خەڵک لە بەشداریکردنی هەڵبژاردنەکان پاشگەز بکەنەوە بەڵام گەل دەزانن کە ئەم شەڕە سیاسییە لە نێوان ئێمە و دوژمناندایە کە هەوڵی لەناوچوونمان دەدەن و دەیانەوێت ئێمە لە ئیسلام جیا بکەنەوە و ئیرادەمان لە ناو ببەن.
فەریق سەلامی وتی کە ڕۆژی هەینی بەشکۆترین حەماسەتی سیاسی لە ئێراندا ڕوو دەدات و گەل جارێکی دیکە لە دوژمنان دەدەن و پیشان دەدەن کە تۆزقاڵێک گرنگی بە خواستی دوژمنان نادەن./.