بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو هێرشانە بووەتە هۆی ئەوەی کە تێکڕای نرخی کۆنتێنەر لە ئاستی جیهان لە مانگی ڕابردوودا دوو هێندە زیادی کردووە و نرخی کۆنتێنەرەکانی سووتەمەنی بۆ ئامانجە تایبەتەکان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ساڵانی ڕابردوو.
مانگی ڕابردوو، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لە سەر هاوپەیمانییەکی دەریایی لە دەریای سوور بە ئامانجی بەرگری لە کەشتییە بارهەڵگرەکان ڕێکەوتن. ئەڵمانیا، فەرەنسا و ئیتالیا لە وەڵامی داواکارییەکی هۆڵەندا لە پیشەسازی کەشتیوانییەکەی کەوتووەتە ژێر کاریگەری هێرشەکانەوە، ئەمەیان وەک پێشنیارێک خستە بەردەم وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا.
جۆزپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا ڕایگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکرێت ئەم ڕاسپاردەیە لە 19 ی مانگی شوباتەوە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
کۆمیساریای یەکێتی ئەورووپاش ڕایگەیاندووە کە تێچووی گواستنەوەی ئاسیا بۆ ئەورووپا لە سەدا 400 بەرز بووەتەوە.
بە وتەی پائۆلۆ جنتیلۆنی کۆمیساریای ئابوری و دارایی ئەورووپا، کات و تێکچوونی گواستنەوەی دەریایی بە هۆی هێرشەکانەوە لە دەریای سوور، تێچووی گواستنەوەی کاڵای لە هەندێک ڕێڕەوی چین بەرەو ئەورووپا لە سەدا 400 بەرزتر کردووەتەوە و کاتی تێپەڕبوون بەم ڕێڕەوانەشدا 10 تا 15 ڕۆژ زیادی کردووە.
ئەو بەرپرسە ئەورووپییە هیوای خواستووە کە قەیرانی دەریای سوور نەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان.
ڕاشیگەیاند کە بەردەوامی ئەم دۆخە ڕەنگە بەرزبوونەوەی نرخەکانی بە دواوە بێت./.