بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی سەبارەت بە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان ئێران و عێراق وتی: پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە باشترین هەلومەرجی خۆیدایە و لە بوارە جیاجیاکان پەیوەندییەکان بە ئیرادەی ڕێبەرانی هەر دوو وڵات بەرەو پێشتر دەڕوات. هەر دوو وڵات بەدەر لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکانی ئابوری و بازرگانی و پتەوکردنی پەیوەندییە ئەمنییەکان، لە ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریزم و دابینکردنی ئاسایشی سنورە هاوبەشەکانیش هاوکارییان هەیە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: کۆمیتەی جێبەجێکاری ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی ئێران و عێراق چالاکە و لە وتووێژی نێوان بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات بە تایبەت لە سەردانەکەی ئەم دواییەی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ عێراق ئەم بابەتە تاوتوێ کراوە.
ناوبراو وتی: جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ئەمنی لە پێناو بەرژەوەندییەکان و دابینکردنی ئاسایشی ئێران و عێراق دەزانین. بوونی هێزی بێگانە لە عێراق یارمەتیدەری ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتە نییە و لە بنەڕەتدا سیاسەتی ئێمە دژایەتی بوونی هەر هێزێکی بێگانەیە لە ناوچەکە و لەو بڕوایەداین کە ئەو هێزانە هیچ کات هەوڵی دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیان نەداوە بەڵکوو ئاسایشی ناوچەکەش تێکدەدەن. لەم بوارەشدا گەل و حکومەتی عێراق بڕیار دەدەن و ئێمەش پشتیوانی لە هەوڵی کشانەوەی هێزەکانی بێگانە لە عێراق دەکەین و دڵنیاین کە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق توانای پاراستنی ئاسایشی ئەم وڵاتەیان هەیە./.