بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە چاوپێکەوتنی هەزاران کەس لە دانیشتووانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات گرنگیدان و تێڕوانین بە خۆ بۆ بەهێزکردنی خاڵە بەهێزەکانی مرۆڤ، بەدەستهێنانی سەرکەوتن و نەهێشتنی خاڵە لاوازەکان و بەدواداچوون بۆ ئیش و کارەکانی دوژمنانیان بە دوو ئەرکی گرنگ و سەرەکی ناو برد و جەختیان لە سەر گرنگی یەکڕیزی نیشتمانی و هەڵبژاردنەکانی 11 ی ئازار وەک چارەسەرێک بۆ کێشەکان و چاکسازی لە کاروبارەکاندا کردەوە و داوایان لە گەلی ئێران کرد کە بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری لەم بۆنە گرنگە نیشتمانییەدا بکەن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەرەی ستەمکاری جیهانییان بە دژی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمان ناو برد و وتیان: هەڵبژاردن پیشاندەری کۆماریبوونی سیستەمە و هەر ئەمەش هۆکارێکە کە وڵاتانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی دژایەتی کۆماریبوون و ئیسلامیبوونی ئەم سیستەمە بکەن و دژی ئەوەن کە گەلی ئێران بەشدارییەکی بەرچاویان لە هەڵبژاردن و ئامادەبوون لەم پرۆسەیەدا هەبێت.
بەڕێزیان بە ئاماژە بە داواکاری یەکێک لە سەرۆک کۆمارانی پێشووی ئەمریکا لە گەلی ئێران بۆ بەشدارینەکردن لە یەکێک لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، وتیان: ئەو سەرۆک کۆمارەی ئەمریکا لە ڕووی نەزانییەوە یارمەتیدەری ئێران بوو و خەڵک بە هۆی دژایەتیکردنی ئەمریکاوە زیاتر بەشدارییان کرد و دەبینین کە ئەمریکییەکان ئەو شێوەیە بەکار ناهێنن بەڵام بە شێوەی جۆربەجۆر هەوڵی پەشیمانکردنەوەی خەڵک دەدەن تا ڕوو لە سندۆقەکانی دەنگدان نەکەن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە درێژەدا هەڵبژاردنیان بە بنەمای سەرەکی سیستەمی کۆماری ئیسلامی و ڕێگای چاکسازی لە وڵاتدا ناو برد و وتیان: هەموومان دەبێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەین، ئەوانەی چاویان لە چاکسازی و چارەسەرکردنی کێشەکانە، ڕێگا ڕاستەکە هەڵبژاردنە و پێویستە بەشداری لەم پرۆسەیەدا بکەن.
بەڕێزیان یەکڕیزی گەلی ئێرانیان بە کلیلی سەرکەوتن و بەردەوامبوونی شۆڕشی ئیسلامی ناو برد و جەختیان لەوە کردەوە کە لە داهاتوودا دەبێت وەک بەرەیەکی یەکگرتوو درێژە بەم ڕێگایە بدەین و نابێت جیاوازی بۆچوون و سیاسەت کاریگەری لە یەکڕیزی گەلی ئێران لە بەرامبەر دوژمناندا هەبێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بە ئاماژە بە گەشە و بەهێزبوونی شۆڕشی ئیسلامی لە تەمەنی 45 ساڵەی خۆیدا، وتیان: شۆڕش بە واتای گەل و سیستەم بەهێزتر و بەهێزتر بووە و بووەتە خاوەنی یەک تێڕوانین و کاریگەرییەکانی زیاتر بووە./.