بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ نەعیم قاسم جێگری ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان لە چاوپێکەوتنی کەناڵی العالم سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی شەڕی غەززە، جەختی لە سەر بەردەوامبوونی هاوکارییەکانی بەرەی خۆڕاگری بۆ گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین کردەوە.
دەقی چاوپێکەوتنەکەی شێخ نەعیم قاسم لە درێژەدا هاتووە:
زیاتر لە چوار مانگ بە سەر دەستپێکردنی شەڕی دڕندانەی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لە دژی دانیشتووانی کەرتی غەززە تێپەڕ دەبێت، کارنامەی خۆڕاگری چۆن هەڵدەسەنگێنن و بە بۆچوونی ئێوە یەکگرتوویی گۆڕەپانەکان تا چەندە لەم شەڕەدا بووەتە بابەتێکی کرداری؟
ئامانجە ڕاگەێندراوەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە هێرشی سەر غەززە، یەکەم لەناوبردنی بزوتنەوەی حەماس و خۆڕاگرییە کە بە واتای کۆتایی هاتنی پرسی فەڵەستین و شەڕی ئازادکردنی ئەم خاکەیە. دووەم ئازادکردن یان ئاڵوگۆڕکردنی دیلە زایۆنیستەکان بە کەمترین تێچوو. سێهەم بەڕێوەبردنی غەززە لە داهاتوودا لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە تا ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا دووبارە نەبێتەوە و ئەم ڕژێمە هەست بە مەترسییەک لە سەر خۆی نەکات.
کاتێک کە حەماس و خۆڕاگریی فەڵەستین ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسایان دەستپێکرد، ئامانجیان کردنەوەی دەرەچەیەک بۆ کردنەوەی ڕێگای ئازادیی فەڵەستین، هەڵگرتنی گەمارۆی غەززە، ڕاگرتنی درووستکردنی شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان لە کەرتی خۆرئاوا و ڕزگارکردنی مزگەوتی ئەقسا لە پیلانگێڕییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بوو. ئەو ئۆپەراسیۆنە بە دوژمنی تێگەیاند کە خۆڕاگری بەهێزە و توانای ڕوبەڕوبونەوەی نییە. شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی لە ماوەی زیاتر لە چوار مانگی ڕابردوودا لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو بزوتنەوەی حەماس لە ناو ببات بەڵام چالاکییەکانی خۆڕاگری بەردەوامە. لە لایەکی دیکەوە، ڕژێمی زایۆنیستی شەڕ ناکات بەڵکوو تەنیا دەڕووخێنێت بەڵام فەڵەستینییەکان شەڕ دەکەن و زیان بە دوژمن دەگەێنن. هاوکاریکردنی گەلی فەڵەستین لە لایەن خۆڕاگرییەوە بابەتێکی کردارییە نەک تیۆری، ئەڵبەت ئەمەش تێچووی بۆ بەرەی خۆڕاگری دەبێت بەڵام هیچ کات کەس بیری لەمە نەکردووەتەوە بەڵکوو بە پێچەوانەوە بە پێی ئەوەی کە پرسی فەڵەستین، پرسێکی ستراتیژییە، پشتیوانی لە خۆڕاگری و گەلی فەڵەستین یەکەمایەتی ئەم بەرەیە بووە و واش دەمێنێتەوە. بەم هۆیەوە جەخت لەوە دەکەمەوە کە پاش تێپەڕبوونی 4 مانگ بە سەر شەڕی غەززەدا خۆڕاگری بەهێز بووە و بەرەی خۆڕاگری لە بەرامبەر دوژمندا ڕاوەستاوە و دوژمن بە هیچ یەک لە ئامانجەکانی نەگەیشتووە.
ڕەنگە یەکەم جار بێت کە یەکگرتوویی خۆڕاگری لە گۆڕەپانەکاندا وەک ئەزموونێک جێبەجێ دەکرێت، چ هۆکارێک ئەم قۆناغەی هێنایە پێشەوە؟ ئەمە چ پەیامێکی بۆ ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی هەیە؟
ڕەنگە هەندێک بڵێن بەرەی خۆڕاگری ئەنجومەنێکی باڵای هەیە کە ژمارەیەک کەس بە نوێنەرایەتی ناوچە جیاجیاکان تێیدا ئامادەن، کۆدەبنەوە، سیاسەت دادەڕێژن و بڕیار دەدەن، بەڵام لە ڕاستیدا وەها نییە. بەرەی خۆڕاگری بیرکردنەوەی یەکسان و هاوشێوە و هاوبەشی هەیە کە فەڵەستین بووەتە جەمسەرنوێنی ئەمە. بەهێز دەبێت یارمەتیدەری لاواز بێت، هەر ڕاهێنەرێک دەبێت ڕاهێنان بە کەسی دیکە بکات و ئەوەی لە توانایدایە هاوکاری کەسی دیکە دەکات. هەمووان گەیشتوونەتە ئەو بیرکردنەوە هاوبەشە کە ئامانج ئازادی فەڵەستینە.
تەنانەت کاتێک ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا لە لایەن برادەرانی حەماسەوە جێبەجێ کرا، بڕیاردەر خۆیان بوون، ئەڵبەت مافی خۆیانە بڕیاری وەها بدەن، لە بەر ئەوەی کە ئەوان بە پلەی یەکەم هێزەکانی خۆڕاگرین و بە باشی ئاگاداری بارودۆخی وڵاتی خۆیانن و هێزەکانی دووەم لە لوبنان، عێراق، سوریا، یەمەن و ئێراندان.
لە ڕاستیدا هەر بەشێک لە خۆڕاگری بە پێی بیرکردنەوە و لێکدانەوەی خۆی ڕۆڵی خۆیی خستەڕوو و هیچ کەس فەرمانی بەوان نەکردووە کە ئێوە دەبێت لەم خاڵەدا ڕابوەستن و وەها هەڵسووکەوت بکەن، ئەمەش خاڵێکی گرنگە کە بەردەوام پێویستی بە وەبیرهێنانەوەیە، لە بەر ئەوەی کە تێکەڵبوونی بەرەی خۆڕاگری بووەتە کردار و بابەتێکی تیۆری نییە.
گۆڕانکارییەکان لە بەرەی لوبنان بە شێوازی بەرچاو خێراتر بووە. دوژمن هەوڵیداوە چ پەیامێک بدات؟ کاردانەوەی خۆڕاگری چۆن دەبێت و ئایا دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی بەربڵاو؟
حزبوڵڵا لە سەرەتادا سنورێکی دیاریکردووە کە تێیدا شەڕی دەکرد و بەڵێنی ئەوەیدا کە سوپای زایۆنیستی و پێگە سەربازییەکانی بکاتە ئامانج، لە بەر ئەوەی کە حزبوڵڵا لەو بڕوایەدایە کە ئەمە تەنیا ڕێگای پشتیوانییە لە فەڵەستین و غەززە، حزبوڵڵا بەم شێوەیە دەسکەوتی زۆری مسۆگەر کردووە و زیانی مادی و مرۆیی زۆری بە دوژمن گەیاندووە و بووە هۆی دەرکردنی سەدان هەزار زایۆنیست لە شارۆچکەکان و بووەتە هۆکارێکی قەیرانێکی کۆمەڵایەتی لە ڕژێمی زایۆنیستی.
لەم ماوەیەدا بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی هەڕەشەی بەرفراوانترکردنی شەڕیان لە بەرەی باکور کردووە و ڕایانگەیاندووە کە سەرجەم لەشکرەکانی سوپای ئەو ڕژێمە دەچنە سنورەکانی لوبنان. ئایا لێدوانەکان تەنیا وەک شەڕێکی دەروونییە یان لە ڕاستیدا شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی و حزبوڵڵای لوبنان گەورەتر دەبێت؟
تا ئێستا ئەوەی لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە کراوە شەڕێکی دەروونییە و هەوڵی بەدەستهێنانی دەسکەوتە بە بێ ئەوەی شەڕەکە زیاتر ببێت.
دەتوانین بڵێین کە زایۆنیستەکان هیچ کات بیر لە بەرفراوانترکردنی شەڕی لوبنان نادەن، لە ئێستادا هەنگاوی دیکەیان نابێت و شەڕەکە لە سنورەکانی لوبنان لەم ئاستەدا دەمێنێتەوە.
فەرەنسا پێشنیارێکی ئاراستەی حکومەتی لوبنان و خۆڕاگری کردووە، وەک چۆن کە سەید حەسەن نەسروڵڵا ئاماژەی داوە، پێشنیارەکە تەنیا گرنگیی بە بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی داوە. بۆچوونی ئێوە لە سەر ئەو پێشنیارە چییە؟
پێویست بە شرۆڤەی پێشنیارەکەی فەرەنسا ناکات، لە بەر ئەوەی کە لە کاتێکی گونجاودا نەبووە و لە ڕاستیدا دژی ئەوەیە کە حزبوڵڵا بچێتە شەڕی ڕژێمی زایۆنیستییەوە. ئێمە بۆ پشتیوانی لە غەززە چووینەتە ئەم شەڕەوە تا گوشارەکان لە سەر غەززە ڕابگیرێت. ئێستا پێشنیارەکە بە ئێمە دەڵێت کە غەززە و هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لەبیر بکەن. یان سەبارەت بە ڕژێمی زایۆنیستی هیچ نەڵێن لە بەر ئەوەی کە مافی هەیە ئەوەی پێویست بێت بیکات، بەڵام ئێوە واز لە پشتیوانیکردنی غەززە بێنن و بیر لە چارەسەری دیکە بکەنەوە. بە کورتی ئەوەی کە پێشنیارەکە لە بنەڕەتدا هەڵەیە و لە کاتێکی گونجاودا نەخراوەتەڕوو.
ئەگەر ڕژێمی زایۆنیستی هەڕەشەکانی لە سەر هێرشکردنە سەر شارۆچکەی ڕەفەح جێبەجێ بکات، ئەمە بە واتای کارەساتێکی مرۆییە بە هۆی ئەوەی کە زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار فەڵەستینی لەم شارەدا نیشتەجێن، ئەویش تەنیا لە ڕوبەرێکی 60 کیلۆمەتریدا. ئایا ئەم بارودۆخە گۆڕانکاری لە هەڵوێست و ستراتیژی حزبوڵڵا و پەرەپێدانی شەڕی ئێستا دەکات؟
بەداخەوە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و ئەو وڵاتانەی کە بانگەشە دەکەن لە جیهانێکی ئازاد یان لایەنگری مافی مرۆڤن، لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوودا لە بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییەی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی، هیچیان نەکردووە. هێرشی سەر ڕەفەح بەشێکە لە شەڕی غەززە، واتە ئەوەی کە لە باکور، خان یونس، باشور و ناوەڕاستی غەززە ڕوو دەدات، لە ڕەفەحیش ڕەنگە ڕوو بدات.
من لە ئێستادا ناتوانم سەبارەت بە کاردانەوەی حزبوڵڵا یان بەرەی خۆڕاگری لە بەرامبەر ئەوەی کە لە ڕەفەح ڕوو دەدات، لێدوان بدەن، دەبێت چاوەڕوان بین و ببینین کە ئایا ئەم هێرشە دەکرێت یان نە.
ئەگەر ئەم هێرشە بکرێت لێکدانەوەی تایبەت بە خۆمان لەو کاتەدا دەبێت بەڵام دەبێت بزانین کە ئایا پەرە بە شەڕەکە بدەین، ئایا پەرەپێدانی شەڕەکە دەبێتە هۆی ڕێگری لە مسۆگەربوونی ئامانجەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە هێرشی سەر ڕەفەح، هەموو ئەمانە بەندە بە دۆخی مەیدانیی ئەو کاتەوە./.