بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میخائیل میلیشتاین توێژەری باڵا لە زانکۆی تەل ئەبیب ڕایگەیاندووە کە لەناوبردنی حەماس ڕوو نادات.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە هێرشی سەر شارۆچکەی ڕەفەح ناتوانێت ببێتە هۆکاری لەناوچوونی حەماس و پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە سوپای ئیسرائیل چۆن دەتوانێت بگاتە ئازادکردنی دیلەکان؟
لە لایەکی دیکەوە ئێسحاق بریک ژنڕاڵی یەدەک لە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی بە کەناڵی 12 ی تەلەفزیۆنی ئەو ڕژێمەی ڕاگەیاندووە کە سەرەڕای لەناوچوونی هەزار و 100 دەروازەی تونێل، بە هەزاران تونێلی دیکە بوونی هەیە و بە چارەسەرنەکردنی ئەم کێشەیە، توانای زاڵبوون بە سەر حەماسدا بوونی نییە.
تامیر باردۆ بەرپرسی پێشووی دەزگای هەواڵگری مۆساد بە هەمان شێوە بە کەناڵی 11 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی ڕاگەیاندووە کە تەل ئەبیب هیچ بژاردەیەکی بەدەر لە قبووڵکردنی مەرجەکانی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە لایەن یەحیا سنوارەوە نییە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە سنوار گوشارەکان قبووڵ ناکات و تەل ئەبیب توانای دیاریکردنی چارەنووسی شەڕی نییە و ئەگەر کابینە و سەرۆک وەزیران دەیانەوێت دۆسیەی دیلەکان دابخەن با بە ڕاشکاوانە بە هەمووانی بڵێن.
عیدیت زارتاڵ مێژوونووسی زایۆنیست لە نووسینێکدا کە لە میدیاکانی ئەو ڕژێمەدا بڵاو بووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە سەرکەوتنی تەواو بە سەر بزوتنەوەی حەماسدا مسۆگەر نابێت و ئەمەش درووشمی نتانیاهۆیە و ڕاست نییە، غەززە بووەتە تاقیگەیەک بۆ پەرەپێدانی ئامرازە هەواڵگرییەکان و بۆمب و کەرەستە سەربازییەکان کە لە لایەن ئیسرائیلەوە بە سەر خەڵکی ئەم ناوچەیەدا تاقیدەکرێتەوە./.