بۆ کەس شاراوە نییە کە ” لیستی تیرۆری ئەمریکا ” لیستێکە کە بە پێی پێوەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی پێکهێنراوە. ئەم لیستە بە ئامانجی پاراستنی ڕژێمی زایۆنیستییە لە بەرامبەر هەر وڵات و لایەن و گرووپێک کە ڕەنگە مەترسی لە سەر بوونی ئەو ڕژێمە ساختەیە دابنێن. لەو لیستەی ئەمریکادا ناوی هیچ وڵات، گرووپ، ڕژێم، بزوتنەوە، حیزب، ڕێکخراو، کۆمپانیا، لایەن و کەسایەتییەکی دیکە سەرەڕای تاوانەکانی ئەوان نابینرێت لە بەر ئەوەی کە ئەوان پەیوەندییەکی باشیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستیدا هەیە یان چاوی خۆیان بە ڕووی تیرۆر و تاوانەکانی ئەو ڕژێمەدا داخستووە. ئەم بارودۆخە لە ئێستای غەززە و تاوانە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەبینرێت.
هەڵسووکەوتی ئەمریکییەکان لە گەڵ تیرۆریزم بووەتە بابەتێک کە لە لایەن جیهانیانەوە گاڵتەی پێدەکرێت لە بەر ئەوەی کە پێناسەی ئەمریکا لە تیرۆریزم بۆ هەر چەشنە خۆڕاگرییەک لە بەرامبەر دوو بوونی نایاسایی لە ناوچەکە دەگەڕێتەوە. یەکەم، بوونی ڕژێمی ساختە و تەزویری زایۆنیستی و دووەم، بوونی نایاسایی هێزە داگیرکارەکانی ئەمریکا کە بە پێچەوانەی خواست و ئیرادەی دانیشتووانی وڵاتانی ناوچەکەیە. ئەم بوونە نایاساییەی ئەمریکا لە ڕێگای بنکە سەربازییەکانە کە وەک شێرپەنجەیەک لە سوریا، عێراق و هەندێک وڵاتی دیکەی ناوچەکە ڕیشەی داکوتاوە و هەر کەس ڕوبەڕوی ئەم دوو بوونە نایاساییە ببێتەوە، بە تێڕوانینی ئەمریکا تیرۆریستە و هەر خۆڕاگرییەک کە ئەنجام دەدرێت بە تیرۆریزم ناو دەبرێت.
لە دەیەکانی ڕابردوو ئەوەمان بینیوە کە چۆن ئەمریکا بە پێی جۆری هەڵوێستی وڵاتان و گرووپ و لایەنەکان لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی یان بوونی نایاسایی واشنتن لە ناوچەکە و سیاسەتی ئەوان بۆ پشتیوانیکردنی تەل ئەبیب، ئەوانی خستووەتە لیستی تیرۆری خۆی یان لەو لیستە ناوەکەیانی دەرهێناوە.
خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە ئەمریکا کاتێک بڕیار دەدات نەیاران یان لایەنگرانی ڕژێمی زایۆنیستی بخاتە لیستی تیرۆری خۆی یان ناویان لەو لیستە بهێنێتە دەرەوە، پەنا بۆ درۆ و پڕوپاگەندە دەبات. بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ بە تیرۆریست ناساندنی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا لە وەڵامی هێرشەکانی ئەم بزوتنەوەیە بۆ سەر کەشتییەکانی سەر بە ڕژێمی زایۆنیستی گیراوەتەبەر و بەدەر لەم چوارچێوە ئاماژەپێکراوە نییە. هێزە چەکدارەکانی یەمەن سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە 9 ساڵە لە لایەن هاوپەیمانی عەرەبییەوە دەسدرێژییان کراوەتە سەر و هێرش و گەمارۆکانی سەر ئەم وڵاتە بەردەوامە، هیچ کات هێرشیان نەکردووەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، هەر بۆیە درۆ و پڕوپاگەندەی ئەمریکا و بەریتانیا لە دژی ئەنساروڵڵا کەس فریو نادات، لە بەر ئەوەی کە ناوچەی دەریای سوور هیچ گرژی و ئاڵۆزییەکی بە خۆوە نەبینیوە و ئاڵۆزییەکان لە کاتێکەوە بووە کە ئەمریکا و بەریتانیا بۆ ڕێگری لە هێرش و زیانگەیاندنی یەمەنییەکان بە ڕژێمی زایۆنیستی، هێرشیان کردووەتە سەر ئەم وڵاتە و هێزە چەکدارەکانی.
سەدان کەشتی بە بێ هیچ هەڕەشە و مەترسییەک لە دەریای سووردا هاتووچۆ دەکەن لە بەر ئەوەی کە ئەوان هیچ ڕۆڵ و بەشدارییەکیان لە پشتیوانیکردنی ڕژێمی زایۆنیستی و خوڵقاندنی ئەو هەموو تاوان و دەسدرێژییەی زایۆنیستەکان بۆ سەر کەرتی غەززە نەبووە.
ئەمریکا ئەوە نازانێت کە گەلانێک لە ناوچەکەدا بوونیان هەیە کە خۆیان لە بەرامبەر زوڵم و زۆربێژیی ئەو وڵاتەدا بەدەستەوە نادەن، لە بەر ئەوەی کە لە ناسنامە و ستراتیژی ئەواندا شتی وا نییە. گەلی یەمەن لە ڕیزی ئەو گەلانەدایە. ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە کە ڕەنگە لە ڕێگای بە تیرۆریست ناساندنی ئەوانەوە بتوانێت بە گوشار و هەڕەشە لە ئامانج و بنەما سەرەکییەکانی خۆیان دووریان بخاتەوە و بەم جۆرە یەمەنییەکان واز لە پشتیوانیکردنی کەرتی غەززە بێنن. بەڵام یەمەنییەکان بە کردنە ئامانجی کەشتییەکانی ئەمریکا و بەریتانیا وەڵامی پیلانگێڕییەکەیان دایەوە.
لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بە کاردانەوەی محەممەد عەبدولسەلام ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەمەن سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەمریکا بدەین کە پیشاندەری هەڵوێستی گەلی سەربەرزی ئەم وڵاتەیە. ناوبراو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە کە ” یەمەن پشتیوانی غەززەیە و ناکەوێتە ژێر کاریگەری بڕیارەکەی ئەمریکاوە و واز لە هەڵوێست و بنەما سەرەکییەکانی خۆی ناهێنێت و بە هەموو هێز و ئامرازێکەوە درێژە بە پشتیوانیکردنی خەڵکی فەڵەستین بە تایبەت غەززە دەدات و تا کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززەش لە هێرشەکانی بۆ سەر کەشتییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی یان ئەو کەشتییانەی ئامانجیان بەندەرەکانی ئەو ڕژێمەیە، بەردەوام دەبێت “./.