بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمریکا لەم قۆناغەدا پشت بە گرووپی تیرۆریستی داعش دەبەستێت و یەکێک لەو شوێنانەش کە بووەتە کارگەی وەبەرهێنانی تیرۆریستان بۆ ئەو وڵاتە، کەمپی هۆل لە سوریایە.
واشنتن بە هەزاران ئەندام و سەرکردەی داعشی لە کەمپی هۆل و گرتووخانەکانی حەسەکە لە ڕۆژهەڵاتی فۆراتی سوریا هێشتووەتەوە و لە سەرچاوە داگیرکراوەکانی ئەو ناوچەیە بۆ مانەوە و پاراستنی گرووپی تیرۆریستی داعش کەڵک وەردەگرێت و ئەمەش پیشان دەدات کە پیلانێک بۆ تێکدانی ڕەوشی ناوخۆیی عێراق، سوریا و ناوچەکە بە گشتی بەڕێوەیە.
عەلی فەتلاوی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح لە عێراق لە سەر ئەم پرسە ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا هێزی جێبەجێکردنی پیلانی هێنانەوەی تیرۆریستانی داعشی لە کەمپی هۆلی سوریاوە بەرەو عێراق نییە و عێراقییەکان بەهێزەوە بەرگری لە وڵاتی خۆیان دەکەن، بە تایبەت ئەوەی کە پێشتریش داعش لە سەر دەستی عێراقییەکان تووشی شکست بووە.
ناوبراو وتی کە عێراق لە ڕووی ژمارەی هێز و کەرەستەی سەربازییەوە توانای پووچەڵکردنەوەی هەر پیلانێکی نوێی هەیە.
هەروەها عەلی زۆبەیدی ئەندامی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی ئەمریکا بە بیانووی پشتیوانی و مەشق و ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەکان لە دژی تیرۆریستان هاتوونەتە عێراق بەڵام ئامانجی سەرەکی ئەو وڵاتە داگیرکارییە.
ناوبراو وتی: عێراق پێویستی بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکایە، بە تایبەت ئەوەی کە ئەم هێزانە دەستیان داوەتە خوێنڕشتنی عێراقییەکان و دەیان تاوانی گەورەیان کردووە و دوور نییە واشنتن تیرۆریستانی داعش بۆ تێکدانی ڕەوشی ناوخۆیی عێراق بەکار بێنێت.
محەممەد سەیهود ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراقیش ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکان بە تایبەت حەشدی شەعبی ئامادەیی پاراستنی عێراقیان لە هەر مەترسی و پیلانگێڕییەک هەیە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە حکومەت بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا جیدییە و ئەمەش لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕوو دەدات و هەمووان دەبینن کە چۆن هێزەکانی ئەو وڵاتە لە بنکە سەربازییەکانی عێراق دەردەکرێن./.